بورهان رەشید گوڵە بۆ کوردستان24: لاهوور و پۆڵاد بەردەوامن لە مانگرتن

لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە رێکارە یاساییەکانی دۆسیەکەیان، لە مانگرتن لە خواردن بەردەوامن، ئەمڕۆش بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، خێزان و منداڵەکانیان لە زیندان سەردانیان کردوونەتەوە.

دووشەممە 20ـی نیسانی 2026،  بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ کوردستان24 گوتی، مانگرتنی لاهور و پۆڵاد شێخ جەنگی برای وەکوو فشارێکە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکەیان بۆ دادگای تەمییزی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای سلێمانی تەنها کۆپی دۆسیەکەی ناردووە نەک ئەسڵەکەی، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی رێکارەکان.

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی جەختی لەوە کردەوە، مانگرتن لە خواردن مافێکی مەدەنی و سیاسییە، ئاماژەی بەوەشکرد،  بارودۆخی دەستگیرکراوەکان لەناو زینداندا گونجاو نەبووە، بەڵام ئازادکردنی ئەم کۆمەڵە نوێیەی لایەنگرانیان وەک هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینن، هەرچەندە لاهوور شێخ جەنگی و براکەی هێشتا لە زیندان ماونەتەوە و دیار نییە ئایا دۆسەیەکانیان لە دادگای سلێمانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر یاخود نا. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئارام بەختیار پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، "محسین خۆشناو"، پاسەوانی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی، لەگەڵ 11 دەستگیرکراوی دیکەی رووداوەکانی لایەزەر، ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لە ئاسایشی سلێمانی ئازاد کران.

لە دوایین پەیامدا کە لە لاپەڕەی فەرمی لاهوور شێخ جەنگی بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "فشاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت" لەسەر دادگاکان هەیە و رێگرن لەوەی دۆسیەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت، هاوکات مانگرتنەکە تاوەکوو ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە سەروەری یاسا بۆ دۆسیەکەیان دەگەڕێتەوە.