وەزیری پەروەردە: گۆڕینی سیستەمی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان لە دەسەڵاتی وەزارەتدا نییە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ و ئەو چاکسازییانەی بۆ بەرژەوەندی قوتابیان ئەنجامدراون، خستە رو.
وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، بڕیاردراوە هەموو بابەتەکانی خوێندن وەک خۆیان واتە (وەک پێش ساڵی 2016) بگەڕێنەوە و تاقیکردنەوەیان تێدا بکرێت. سەبارەت بە وادەی تاقیکردنەوەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد، تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 4ـی حوزەیران و12ـی حوزەیران دەستپێدەکەن. هەروەها قوتابخانەکان سەرپشک کراون کە تاوەکو 4ـی ئایار تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان کۆتایی پێ بهێنن.
ئالان حەمەسەعید جەختی کردەوە، لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین ئاسانکاری بۆ قوتابیانی پۆلی 12 کراوە، لەوانەش، تاقیکردنەوە گشتییەکان لە جیاتی ئەوەی رۆژ نا رۆژێک بێت، کراوەتە هەفتەی دوو تاقیکردنەوە بۆ ئەوەی قوتابیان کاتی زیاتریان بۆ پێداچوونەوە هەبێت و فشاری دەروونییان کەم بێتەوە. هەروەها بۆ یەکەمجار قوتابیان دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاینەوە وەرەقەی تاقیکردنەوەکانیان، بارکۆد، نمرەی هەر پرسیارێک و وەڵامە نموونەییەکان ببینن، ئەمەش دادپەروەری زیاتر دەستەبەر دەکات، هەروەها هەڵەکانیشیان بۆ دیاری دەکرێت کە وەڵامە راستەکە کامەیە و هەڵەکەشیان چییە ولەگەڵ ئەوەشدا، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمیش لە رۆژ بە رۆژەوە کراوەتە رۆژ نا ڕۆژێک.
سەبارەت بە داواکاریی هەندێک قوتابی بۆ گۆڕینی سیستەمی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان (بۆ نموونە لە 3 بابەت بۆ 4 بابەت)، وەزیری پەروەردە رایگەیاند؛ ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی وەزیردا نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پەیڕەوێکی ساڵی 2009ـی ئەنجوومەنی وەزیران و یاسای پەرلەمان، وەزیر ناتوانێت سەرپێچی یاسا بکات.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، هەماهەنگی تەواو لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ دابینکردنی کەشێکی گونجاو و کارەبای بەردەوام لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیان داوە تاقیکردنەوەکان پێش هاتنی گەرمای هاوین کۆتایی پێ بهێنن بۆ ئەوەی قوتابیان دووچاری بێزاری نەبن.
وەزیری پەروەردە دووپاتی کردەوە، هەموو بڕیارەکان لە بەرژەوەندی قوتابیاندایە و ئامانجیان پاراستنی ئاستی زانستی و کەمکردنەوەی ئەو لۆدە دەروونییەیە کە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا لەسەر قوتابیان و خێزانەکانیان دروست دەبێت.