مۆرینیۆ ئامادەیە بۆ ویلایەتی دووەم

خۆزێ مۆرینیۆ
خۆزێ مۆرینیۆ

جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی بێنفیکا، گلۆپی سەوزی هەڵکردووە و ئامادەیە بۆ ویلایەتی دووەم بگەڕێتەوە مەدرید و جارێکی دیکەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید بگرێتە ئەستۆ.

ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی بێنفیکا، یەکێکە لە بژاردە بەهێزەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید لە وەرزی داهاتوو، هەرچەندە چەند بژاردەیەکی دیکەش بۆ ئەم پۆستە هەن، بەڵام پێدەچێت سپێشەل وەن بەهێزترین بژاردە بێت.

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە جۆزێ مۆرینیۆ بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئاگادار کردووەتەوە، ئامادەیە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بۆ جاری دووەم پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەربگرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، هەردوولا گفتوگۆکانیان دەست پێبکەن.

مۆرینیۆ لە ساڵی 2010 تاوەکو 2013 بۆ جاری یەکەم پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید وەرگرت، ئەو راهێنەرە ئێستا تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 واتە وەرزی داهاتووش گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی بێنفیکا هەیە، بەڵام مەرجێکی ئاسان لە گرێبەستەکەی هەیە، هەر کاتێک ئارەزووی جیابونەوەی هەبوو، دەتوانێت بەرامبەر تەنها سێ ملیۆن یۆرۆ ریزەکانی یانەکەی بێنفیکا جێبهێڵێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید بڵاویکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە مۆرینیۆ وەکو بژاردەی سەرەکی و بەهێز دەزانێت، بۆ رزگار کردنی یانەکەی لەو دۆخە.