مۆدریچ نەشتەرگەری بۆ کرا

لوکا مۆدریچ ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی کڕواتیا و یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵیا، بەهۆی شکانی ئێسکی ڕوومەتی، نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و ئەمەش بە واتای ئەوەی لوکیتا ناتوانێت بەشداری مۆندیالی 2026 بکات.

لوکا مۆدریچ دوای پێکدادانێکی توند لەگەڵ مانوێل لۆکاتێلی لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر یوڤێنتوس، تووشی پێکانێکی قورس بوو لەسەری و بەم هۆیەوە ناتوانێت تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بەشداری یارییەکانی یانەکەی بکاتەوە. لە خولەکی 75ـی یارییەکە سەری هەردوو یاریزانەکە بە شێوەیەکی ترسناک بەیەکدا کێشرا، لوکیتا کە زۆر سەرگەردان و بێهۆش دیار بوو، لە کاتی چوونە دەرەوەی لە یاریگا لە خولەکی 79 کیسەیەکی سەهۆڵی لەسەر دەموچاوی دانابوو، هەر لەو ساتەشەوە نیگەرانییەکان دەستیان پێکرد.

هەرچەندە سەرەتا پێشبینی نەدەکرا پێکانەکەی مۆدریچ هێندە مەترسیدار بێت و ستافی پزیشکی میلان دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانەشیان نەکرد، بەڵام دواتر پشکنینە پزیشکیەکان دەریانخست شکانی ئاڵۆز و وردبوونی چەند پارچەیەکی ئێسکی ڕوومەتی لای چەپیدا هەیە.

ئەم پێکانە هێندە سەخت بوو کە تیمێکی پزیشکی بە سەرپەرشتی دکتۆر لوکا ئۆتلیانۆ و بە ئامادەبوونی پزیشکانی یانەی میلان، ستیفانۆ مازۆنی و ئەندریا بۆلگرۆنی، دەستبەجێ نەشتەرگەرییان بۆ دەموچاوی لوکا مۆدریچ ئەنجامداوە.

دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ لوکا مۆدریچ ماڵپەری فەرمی یانەی ئەیسی میلان دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانەی تاوەکو کۆتایی وەرز راگەیاند، هەروەها سەرچاوەکانی کڕواتیاش باس لەوە دەکەن ئەستەمە لوکیتا بەشداری مۆندیالی 2026 بکات.