مووچەی ڤینیسیۆس لە گرێبەستە نوێیەکەیدا دەبێتە کێشە

ڤینیسیۆس جونیۆر
ڤینیسیۆس جونیۆر

داهاتووی ڤینیسیۆس جۆنیۆر هێرشبەری بەڕازیلی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید لە دۆخێکی ناڕووندایە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەککەوتنی دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستە ئێستاکەی کە تەنها نزیکەی ساڵێکی ماوە، ئەم بابەتە نیگەرانییەکی زۆری لەناو یانە شاهانەکەدا دروست کردووە سەبارەت بە بەردەوامبوونی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی پڕۆژە وەرزشییەکەیان.

 ڕۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بلاویکردەوە، ئاستەنگی سەرەکی لە دۆسیەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان داواکارییەکانی یاریزانەکە و کارگێڕی یانەکەدا هەیە، بەو پێیەی ئەو یاریزانە داوای مووچەیەک دەکات کە نزیکە لە 30 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە، لە کاتێکدا ڕیاڵ مەدرید سوورە لەسەر ئەوەی مووچەکەی لە 20ملیۆن یۆرۆ تێپەڕ نەکات، ئەمەش لەم ماوەیەی دواییدا بووەتە هۆی وەستانی دانوستانەکان.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی گرێبەستەکە لە ساڵی کۆتایی، پێگەی یاریزانەکە لەسەر مێزی دانوستان بەهێزتر دەبێت، چونکە بارودۆخی ئێستا مەودایەکی زیاتری پێ دەبەخشێت بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆی، جا چ بە بەردەوامبوون لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید بێت یان تاوتێکردنی ئەو پێشنیازە دەرەکییانەی کە توانای جێبەجێکردنی داواکارییە داراییە بەرزەکانیان هەیە، ئەمەش یانەکە دەخاتە ژێر فشارێکی ڕوونەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکاتەوە.

لە بەرامبەردا هەندێک ڕەخنە ئاراستەی کارگێڕیی ریاڵ مەدرید و لە سەرووی هەمووشیانەوە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە دەکرێن، ئەمەش لە نێوان چەندین پرسیاردا سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و نەگەیشتن بە ڕێککەوتن تاوەکو ئێستا، لە کاتێکدا پێدەچێت ئەم بابەتە ببێتە یەکێک لە دیارترین ئاستەنگە کارگێڕییەکانی ناو یانەکە لەم وەرزەدا.