سوپای ئیسرائیل: لە 24 کاتژمێردا نزیکەی 50 هێرشمان کردووەتە سەر حزبوڵڵا
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ژێرخانە سەربازییەکان و لەناوبردنی چەکدارانی حزبوڵڵا لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، لە 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 50 پێگەی حزبوڵڵایان خاپوور کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو هێرشانەدا چەندین چەکداری ئەو رێکخراوە کە لە نزیک شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئیسرائیل بوون، کراونەتە ئامانج و کوژراون.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوەکەیدا ئاشکرای کرد، ئەو شوێنانەی هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر بریتین لە 'بارەگاکانی فەرماندەیی کە هێرشەکانی حزبوڵڵای لێوە رێکدەخرا، ئەو باڵەخانانەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنران، لەگەڵ چەندین ژێرخانی دیکەی سەربازی کە حزبوڵڵا بۆ داڕشتنی پلانەکانی دژی هێزەکانی ئیسرائیل بەکاری دەهێنان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حزبوڵڵا چەندین گولـلـە تۆپ و مووشەکی ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە لە باشووری لوبنان، بەڵام مووشەکەکان لە ناوچە چۆڵەوانییەکانی ناو خاکی لوبنان کەوتوونەتە خوارەوە و بەهۆی ئەوەی هیچ مەترسییەکیان دروست نەکردووە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ نەدراوە.
سوپای ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دوورخستنەوەی هەر هەڕەشەیەک لەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی.