ئێران بەشداری مۆندیال دەکات تەنانەت ئەگەر هێرشیان بکرێتەوە سەر
رۆژی پێنج شەممە 30ـی ئایاری 2026 لە شاری ڤانکۆڤەری کەندا فیفا 76ـمین کۆنگرەی خۆی بەست، بەڵام بەرپرسانی وڵاتی میوانداری کۆنگرەکە رێگەیان بە شاندی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران نەدا بەشداری کۆنگرەی فیفا بکەن.
ماڵپەری وەرزش3 ئێرانی بڵاویکردەوە مەهدی تاج سەرۆکی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بە یاوەری چەند ئەندامێکی دیکە لە فێدراسیۆنی تۆپی پێ، لە رێگەی تورکیاوە گەشتی کەنەدایان کرد بە مەبەستی بەشداری کردن لە 76ـمین کۆنگرەی فیفا، بەڵام لە فرۆکەخانە رێگریان لێکرا.
سەرچاوەکە بڵاویکردەوە سەرەرای ئەوەی حکومەتی کەنەدا ڤیزایان پێشکەشی شاندی تۆپی پێی وڵاتەکەیان کرد بوو، بەڵام لە فڕۆکەخانەی شاری ڤانکۆڤەر پۆلیسی کۆچ کردنی ئەم وڵاتە رێگەیان نەدا شاندەکەیان بچێتە ناو ئەو شارە و شاندەکەی راستەوخۆ گەڕانەوە ئێران.
مەهدی تاج سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دوای گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی، لە فرۆکەخانەی مێهرئابادی تاران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە توندی رەخنەی لە فیفا گرت و بە رێکخراوێکی لاواز ناوی برد، بە بیانۆی ئەوەی نەیانتوانی پشتگیریان بکەن.
سەرۆکی تۆپی پێی ئێران هۆکاری رێگری لێکردنیان لەلایەن پۆلیسی کۆچی کەنەدا ئاشکرا کرد و گووتی '' کاتێک گەیشتینە فرۆكەخانە ڤانکۆڤەر ئێمەیان راگرت و لە ژوورێکدا چەند پۆلیسێک لێکۆلینەوەیان لەگەڵ ئێمە کرد. سەرۆکی گروپەکە گووتی ئێوە سەر بە سوپای پاسدارانن و ئەوانیش لە لیستی تیرۆرن، بۆیە ناتوانن بڕۆنە ناو وڵاتەکەمان ''.
مەهدی تاج لە بەردەوامی قسەکانیدا گووتیشی '' ئەو کاتە پۆلیس ئەو تۆمەتەی دروستکرد ئەویش لە وەڵامدا گووتی ئێمە 90 ملیۆن پاسدارمان لە وڵاتەکەمان هەیە و پاشان بڕیارماندا ئەو وڵاتە جێبێڵین و بەشداری کۆنگرەی فیفا نەکەین '' .
لەبارەی ئەوەی ئەگەر ئەمریکا دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران ئامادەن بەشداری مۆندیالی 2026 بکەن، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە وەڵامدا گووتی '' ئێمە ئەمریکا بە تیرۆریست دەزانین و ئەمە هەڵوێستی فەرمیی ئێمەیە، لە هەر شوێنێکیش بین ئەمە دەڵێین، چ ڕێگەمان بدەن و چ ڕێگەمان نەدەن. نابێت شەرمەزاریی ئەو خەڵکە بین کە 60 ڕۆژە لەناو شەقامەکاندان و بێ وەڵام جێیان بهێڵین. دیپلۆماسیی ئێمە دەبێت وەک مەیدانی جەنگ بێت، تۆپی پێش دیپلۆماسییە و دەبێت لە نەیارەکەی بدات. تۆپی پێ لەم یاسایە بەدەر نییە و لەو دیپلۆماسییەی بەسەر وڵاتدا زاڵە، جیا ناکرێتەوە. ''
مەهدی تاج سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران