راوێژکارێکی خامنەیی: ئاسایشی خۆراکی جیهان لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، هۆشداری توند دەداتە دۆناڵد ترەمپ و رایدەگەیەنێت، هەرکەسێک یاری بە شادەماری ژیانی جیهان بکات، خۆی دەخاتە ناو تەنگژەیەکی گەورەوە.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نوسیویەتی، هەڵسوکەوتە سەرکێشییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ناتوانن راستی بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ئێستا بشارنەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، لاوازبوونی هاوپەیمانی ناتۆ و کێشە تەکنیکییە بەردەوامەکانی ناو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، هەموویان ئاماژەن بۆ رەواندنەوەی خەون و خەیاڵەکانی کۆشکی سپی.
راوێژکارەکەی خامنەیی وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە سەبارەت بە سەپاندنی برسێتی بەسەر ئێراندا و گوتی: "ترەمپ کەسێکی زانا نییە بەرانبەر دۆخی ئابووری و سیاسی جیهان، چونکە ئاسایشی خۆراکی جیهانی و زنجیرەی دابینکردنی پەینە کیمیاییەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە".
عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "بەڕێز ترەمپ! جیهانی سیاسەت وەک جیهانی فیلمەکانی جاک سپارۆ (چەتەی دەریا) نییە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەلی ئەکبەر ویلایەتی جەختی کردەوە، هەر لایەنێک بیەوێت دەستکاری شادەمارە سەرەکییەکانی ژیانی جیهان بکات، بێگومان خۆی رووبەڕووی بنبەست و مەترسی دەکاتەوە.
ئەم قسانەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە کاتێکدایە، ماوەی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا کۆتایی هاتووە، هاوکات ئەمریکا هەڕەشەی بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەکات کە وەکو فشارێک بۆ نەرمی نواندنی تاران بەرانبەر واشنتن دەبینرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران پێداگیرن لەسەر ئەوەی دەبێت گەرووی هورمز تەنها لە دەستی ئەواندا بێت.