ئەندامێکی کۆنگرێس: جەنگی ئێران کەلێنی توانای بەرگریی ئەمریکای دەرخست

تێد لیۆ، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی دیموکراتەکان هۆشداری دەدات کە جەنگی ئێران دەریخستووە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات توانای خۆڕاگرییان لەبەردەم هێزە گەورەکاندا نییە و جبەخانەی موشەکیی وڵاتەکەش رووی لە کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار کردووە.

یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، تێد لیۆ، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی دیموکراتەکان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەگەر ئێران وەک هێزێکی سەربازیی پلە دوو توانیبێتی زیانی گەورە لە بنکەکانی ئەمریکا بدات، ئەوا وڵاتانی وەک چین و رووسیا دەتوانن بە ئاسانی و بە تەواوی ئەو بنکانە خاپوور بکەن، جەختی لەوە کردەوە، جۆری ئەو هەڕەشانەی لە هێزە گەورەکانەوە دێن، زۆر پێشکەوتووتر و چڕترن لەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی بوونەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، تەنها لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەمریکا نزیکەی نیوەی کۆگای ستراتیژیی موشەکەکانی تۆماهۆک، پاتریۆت و تادی بەکارهێناوە، تێد لیۆ ئاماژەی بەوە کردووە، پڕکردنەوەی ئەم کۆگایانە 3 تاوەکو 5 ساڵی پێدەچێت، ئەمەش واتە ئەمریکا بۆ هەر جەنگێکی ئەگەری لەگەڵ چین یان رووسیا لە سێ ساڵی داهاتوودا، تەنها نیوەی چەکەکانی لەبەردەست دەبێت.
هاوکات رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کردووە، چین، رووسیا و کۆریای باکوور ئەم جەنگەیان وەک دەرفەتێک بەکارهێناوە بۆ چاودێریکردنی خاڵە لاوازەکانی سیستەمی راداری " تاد " هەروەها خێرایی وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و چۆنیەتی بڕینی سیستەمە گرانبەهاکان لەلایەن درۆنە ئێرانییەکانەوە کە تێچووی تێکشکاندنی هەر یەکێکیان ملیۆنان دۆلارە.

بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کە لە 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێکردووە، ئەمریکا ناچار بووە کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگر، هێزی مارێنز و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە باشووری چین و ئاسیاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازکردنی توانای رێگریی ئەمریکا لەبەرانبەر چین و کۆریای باکوور.

لەمبارەیەوە، ناوەندە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرنجی واشنتن لەسەر زەریای هێمن لادەبات و دەرفەتێکی زێڕین بۆ رکابەرە جیهانییەکانی دەڕەخسێنێت تاوەکو لە بەرەکانی تردا فشار دروست بکەن.