کۆریای باشوور: لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی کەشتییەکەمان لە گەرووی هورمز دەکەین

کۆریای باشوور لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی کەشتییەکی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز دەستپێدەکات و دۆناڵد ترەمپیش ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و داوا لە سێئۆل دەکات بەشداری لە هاوپەیمانێتییەکی سەربازی بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان بکات.

سێشەممە 5ی ئایاری 2026 حکوومەتی کۆریای باشوور رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی کەشتییەکی بازرگانی دەکەن کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆرییەوە لە گەرووی هورمز بەڕێوەدەبرا، ئەوەش لە رووداوێکدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک هێرشێکی ئێران ناوی برد.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دوای ئەوەی کەشتییەکە رادەکێشرێت و قەبارەی زیانەکانی هەڵدەسەنگێندرێت، هۆکاری وردی رووداوەکە دیاری دەکرێت.

ئەو کەشتییە بارهەڵگرە کە ئاڵای پەنەمای هەڵگرتووە و لەلایەن کۆمپانیای (HMM)ی کۆرییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە کاتی رووداوەکەدا لە رۆژی دووشەممە، هیچ بارێکی تێدا نەبووە و لەنگەری گرتبوو. وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە. کەشتییەکە کە ناوی (HMM Namu)یە، رادەکێشرێت بۆ نزیکترین بەندەر بۆ ئەوەی چاک بکرێتەوە.

گوتەبێژی کۆمپانیای (HMM) رایگەیاند، 24 ئەندامی تاقمی کەشتییەکە لە ناو کەشتییە 35,000 تۆنییەکەدا ماونەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگرەکە لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکە کەوتووەتەوە و کامێراکانی چاودێری دەریانخستووە کە کوژاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، گرووپی (Vanguard) بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییە دەریاییەکان رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت ئایا زیانەکە بەهۆی هێرش بووە، یان مینی دەریایی چێنراو، یان بەرکەوتنی هەر تەنێکی دەرەکی دیکە.

وەک کاردانەوەیەک بۆ رووداوەکە، وەزارەتی ئۆقیانووسەکان و ماسیگرتنی کۆریای باشوور داوای لە سەرجەم کەشتییە کۆرییەکانی ناوچەکە کردووە بەرەو شوێنی ئارام بڕۆن و رایگەیاندووە کە 26 کەشتی کۆری لە دەوروبەری گەرووی هورمز گیریان خواردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (Truth Social) رایگەیاند، ئێران تەقەی لە کەشتییەکە و چەند ئامانجێکی دیکە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دەستپێکردووە.

ترەمپ پێشنیازی ئەوەی کردووە کە کاتی ئەوە هاتووە کۆریای باشوور پەیوەندی بە هەوڵە نوێیەکەیەوە بکات بۆ پاراستنی ئەو رێڕەوە ئاوییەی کە پێنجیەکی نەوت و گازی شلی جیهانی لێوە دەگوازرێتەوە.

سەبارەت بە داواکەی ترەمپ، وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری و نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور هێشتا وەڵامی فەرمییان نەداوەتەوە. بەڵام سێئۆل پێشتر رایگەیاندبوو کە بە وردی تاوتوێی بانگەوازەکەی ترەمپ دەکەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی، لە هەمان کاتدا جەختیان لەوە کردبووەوە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەیە.