هاتوچۆی هەولێر: لەزگەی دژە خۆر وەكو جامڕەش هەژمار دەكرێت

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات باوەڕ بە لەزگەی دژە رۆژ نەکەن ئەگەرنا سزاتان بۆ دێتەوە، چونکە بەپێی قسەی هاتوچۆی هەولێر هیچ لەزگەیەک نیە بەناوی لەزگەی دژە رۆژ.

عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ لەزگەیەک نیە بە ناوی لەزگەی دژە رۆژ، ئەویش لەزگەی جام رەشە، بەڵام رێژەی تاریکی کەمترە، گوتیشی: جامی ئۆتۆمبێل لە بنەڕەتەوە رێژەیەک لە تاریکی تێدایە، ئەمەش بەگوێرەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێت، ئۆتۆمبێل هەیە 20% جامەکانی تاریکە، هەیە %15 تاریکە هەیە لە 25% تاریکە، دەشڵێت، کاتێک ئەو لەزگە بەناوی دژە خۆر لێدەدرێت، ئەویش رێژەی لە 10 بۆ 15% تاریکی تێدایە، رێژەی تاریکی جامی ئۆتۆمبێل زیاد دەبێت، بۆیە ئێمەش حسابی جام رەشی بۆ دەکەین.

عەقید هێمن ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئۆتۆمبێلێک ئەو جۆرە لەزگەیە لە جامەکەی بدات و رەزامەندی هاتوچۆی نەبێت، ئەوا بە جام رەش هەژمار دەکرێت و سزادەدرێت و هیچ جیاوازیەکی نابی لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلەی کە رێژەی تاریکی جامەکانی لە 100%. 

گوتیشی، نابێت شۆفێران بۆ گەرمای هاوین بەبێ رەزامەندی هاتوچۆ ئەم لەزگەیە لە ئۆتۆمبێلەکەی بدات، ئەگەرنا سزادەدرێ و پارەیەکی زۆری بۆ دێتەوە.