ئۆباما بۆ ترەمپ: خێزانەکەم هێڵی سوورە

ترەمپ و ئۆباما
ترەمپ و ئۆباما

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە وەڵامی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە رایگەیاند، گرنگی بە هێرشە کەسییەکان نادات، بەڵام هاوسەر و منداڵەکانی هێڵی سوورن و نابێت تێکەڵ بە ململانێکان بکرێن.

ئۆباما لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری "نیویۆرکەر" سەبارەت بە گوتەکانی ترەمپ بەرانبەر بە خۆی و خێزانەکەی هاتە دەنگ.

 لە چاوپێکەوتنەکەدا ئۆباما رایگەیاند، هیچ گرنگییەک بەو ناوزڕاندن و هێرشانە نادات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرانبەری دەیكات. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە دا، میشێل ئۆبامای هاوسەری و منداڵەکانیان هێڵی سوورن و هیچ کەسێک بۆی نییە بیبەزێنێت، هەمیشەش هەست بە سووکایەتی دەکات کاتێک ئەندامانی خێزانەکەی تێکەڵ بە کێشەکان دەکرێن.

سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، پێویستە ئەو کەسانەی ناکۆکییان لەگەڵیدا هەیە ئەوە لەبەرچاو بگرن، چونکە خودی خۆی باس لە خێزانی کەس ناکات.

لە مانگی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تێیدا باراک ئۆباما و میشێل ئۆباما لەسەر شێوەی مەیموون وێنا کرابوون. ڤیدیۆکە بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دروست کرابوو و گۆرانییەکی بەناوبانگی لەسەر دانرابوو.

 ئەم کارەی ترەمپ کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و بە کارێکی رەگەزپەرستانە وەسف کرا. هەرچەندە ڤیدیۆکە دوای ماوەیەکی کورت سڕدرایەوە، بەڵام کۆشکی سپی لەو کاتەدا بەرگریی لە ترەمپ کرد و رایگەیاند، رەخنەکان تەنیا تووڕەییەکی دروستکراون.