هێرشێکی چەکداری بۆ سەر گەورەترین مزگەوتی سان دیێگۆ لە ئەمریکا ئەنجامدرا
دووشەممە 18ی ئایاری 2026، پۆلیسی شاری سان دیێگۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا رایگەیاند، کە هێزەکانیان و تیمە فریاگوزارییەکان بە چڕی لە دەوروبەری "ناوەندی ئیسلامی سان دیێگۆ" جێگیر بوون، ئەوەش دوای وەرگرتنی زانیاری دەربارەی بوونی تەقەکەرێک لە نێو بیناکەدا.
پۆلیسی شارەکە داوای لە هاووڵاتییان کردووە بە تەواوی لە ناوچەی شەقامی (Eckstrom) دوور بکەونەوە. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەبینرێن کە بە پۆل لە بیناکە دەهێنرێنە دەرەوە و پۆلیس یاوەرییان دەکات بۆ شوێنی سەلامەت، لە کاتێکدا زۆرینەیان لە ترسی هێرشەکە دەستی یەکتریان گرتووە.
تۆد گلۆریا، سەرۆکی شارەوانی سان دیێگۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند: "من ئاگاداری دۆخی تەقەکردنەکەی ناوەندی ئیسلامیم. تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنی رووداوەکەن و هەوڵی پاراستنی کۆمەڵگە و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە دەدەن."
هاوکات نووسینگەی، گاوین نیووزۆم، پارێزگاری کالیفۆرنیا، ئاشکرای کرد، پارێزگار ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم دۆخەیە و سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵک خستووەتە مەترسییەوە.
ناوەندی ئیسلامی سان دیێگۆ کە دەکەوێتە گەڕەکی (Clairmont)، بەپێی ماڵپەڕی فەرمی ناوەندەکە، گەورەترین مزگەوت و ناوەندی ئیسلامییە لەسەر ئاستی پارێزگای سان دیێگۆ.
تاوەکو ئێستا ئاماری وردی قوربانییەکان و ناسنامەی هێرشبەرەکە ئاشکرا نەکراوە و هێزە ئەمنییەکان لە پشکنینی ناوچەکە بەردەوامن.