ئیدارەی ترەمپ پەنابەرە سپی پێستەکانی ئەفریقای باشوور وەردەگرێت
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەنیازی جێبەجێکردنی پلانێکە بۆ گواستنەوەی کەمینە سپی پێستەکانی ئەفریقای باشوور بۆ ئەمریکا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بە گوتەی واشنتن، ئەو کەمینەیە لە وڵاتەکەیاندا رووبەڕووی رەگەزپەرستی و توندوتیژی بوونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە، کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە کە تا کۆتایی ساڵی دارایی لە مانگی ئەیلوولدا، وەرگرتنی کەمینە سپی پێستەکانی ئەفریقای باشوور کە بە رەچەڵەک هۆڵەندین لە 7 هەزار و 500 کەسەوە بۆ 17 هەزار و 500 کەس زیاد دەکات.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێشهاتە پێشبینینەکراوەکان لە ئەفریقای باشوور، دۆخێکی نائاسایی بۆ پەنابەران دروستکردووە" ئەمەش هۆکاری زیادکردنی ئەو 10 هەزار کەسە نوێیەیە.
لە بەرپەرچی ئەم بڕیارەدا، حکوومەتی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، سەرجەم بانگەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بێبنەمان، بەڵام دۆناڵد ترەمپ پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت، "کەمینە سپی پێستەکانی ئەفریقای باشوور تووشی پەراوێزخستن و توندوتیژیی سیستماتیک بوونەتەوە، بەتایبەت ئەو هێرشانەی کە جووتیارەکان دەکەنە ئامانج."
ئەم ناکۆکییە دیپلۆماسییە وای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەفریقای باشوور رابگرێت و بایکۆتی لووتکەی گرووپی 20 بکات کە ساڵی رابردوو لە شاری جۆهانسبێرگ بەڕێوەچوو.