لە ئەمریکا چەند کەسێک بەهۆی ماددەیەکەوە گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، بەرپرسێکی ناوخۆیی ئەمریکا رایگەیاند، سێ کەس لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا دوای بەرکەوتنیان بە ماددەیەکی نەناسراو گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ژمارەیەک فریاگوزاریش دوای مامەڵەکردنیان لەگەڵ قوربانییەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

سەرۆکی شارەوانی ماونتن ئێیر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "کاتێک تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، دوو کەس گیانیان لەدەستدابوو، دواتر سێیەم کەسی رووداوەکە گیانی لەدەستدا."

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەو فریاگوزاریانەی کە بەرکەوتنیان لەگەڵ قوربانیەکاندا هەبووە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێکیان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشاخانەیان جێیانهێشتووە، هەندێکی دیکەشیان نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان لێ بەدەرکەوتووە.

ئەو بەرپرسە گوتیشی، لە ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە دۆخەکە پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە یان نەخۆشیەکە لە رێگەی هەواوە هەبێت، پێدەچێت پەیوەندی بە بەرکەوتنی ماددەیەکەوە هەبێت کە رەنگە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر گواسترابێتەوە.