واشنتن داوای زانیاریی بەپەلە لەسەر ئەو وێستگە ئەتۆمییانە دەکات کە بۆردوومان کراون
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چڕ کردووەتەوە تاوەکو بڕیارنامەیەک دژی ئێران پەسەند بکەن. پڕۆژە بڕیارەکە تاران ناچار دەکات زانیاریی ورد لەسەر چارەنووسی ئەو وێستگە ئەتۆمییانە بدات کە ساڵی رابردوو بۆردوومان کران، ئەمەش مەترسیی ئاڵۆزکردنی زیاتری دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تارانی لێ دەکرێت.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" کە ئەمڕۆ یەکشەممە 7می حوزەیرانی 2026، دەقی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکای بینیوە، واشنتن داوا دەکات ئێران "بەبێ دواکەوتن" زانیاریی راست و دروست لەسەر کۆگا ئەتۆمییەکانی و چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بدات کە لەو وێستگانەدا بووە کە کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی. لە دەقەکەدا جەخت کراوەتەوە کە پێدانی ئەم زانیارییانە و ڕێگەدان بە پشکنەران بۆ پشتڕاستکردنەوەیان، کارێکی "بنەڕەتی و بەپەلەیە".
چاودێران پێیان وایە ئەمجارەیان ئەمریکا رووبەڕووی بەرگریی زیاتر دەبێتەوە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی 2025 بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پشکنەرانی ئاژانسەکە نەیانتوانیوە سەردانی ئەو شوێنانە بکەنەوە و زانیارییەکان کۆبکەنەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران لە ناوەڕاستی گفتوگۆیەکی گرنگ دان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، و تاران هەمیشە ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارنامەکانی ئاژانسەکە دەربڕیوە. هەرچەندە پڕۆژە بڕیارە نوێیەکە داوای ناردنی دۆسیەی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ناکات، بەڵام دیپلۆماتکاران دەڵێن ئەو بژاردەیە هێشتا وەک فشارێک لەسەر مێزەکە ماوەتەوە.
بڕیارە سبەی دووشەممە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا کۆببێتەوە، کە تێیدا زانیاریی زیاتر لەسەر پێشێلکارییە ئەتۆمییەکانی ئێران و چارەنووسی پشکنینەکان دەخرێنەڕوو.
ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانی 2025 دەستی بە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد، ئەمەش تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو تاران پابەندییەکانی "بەرگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی" پێشێل کردووە.