غەریبئابادی: سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەر ئێران سیاسیین
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، سزاکانی ئەمدواییەی یەکێتیی ئەوروپای بۆ سەر وڵاتەکەی بە "کارێکی فێڵبازانە و سیاسی" وەسف کرد؛ جەختی کردەوە ئێران ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافی دەریاکان نییە و بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی مافە سەروەرییەکانی بەسەر گەرووی هورمزدا.
دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" وەڵامی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپای دایەوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی ئێرانی بەهۆی دۆخی گەرووی هورمزەوە.
غەریبئابادی گوتی: "ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە گەورەترین پێشێلکاری مافەکانی گەلی ئێرانن و لە ئاست گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بێدەنگ بوون کە بە کارێکی جەنگی دادەنرێت."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەرنجی خستە سەر لایەنی یاسایی پرسەکە و رایگەیاند: "پێویستە ئەوە وەبیربهێنمەوە کە ئێران ئەندام نییە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافی دەریاکان. ئەو دەسەڵاتەی یاساییەی ئێران لە گەرووی هورمز جەختی لێ دەکاتەوە، لەسەر بنەمای 'تێپەڕبوونی بێوەی' و یاسا نەریتییە نێودەوڵەتییەکانە، بە رەچاوکردنی تێبینییە ئەمنی و پارێزگارییەکانی دەوڵەتی کەناراو."
بەرپرسە باڵاکەی تاران ئاماژەی بەوە کرد، سزای یەکلایەنە و زۆرەملێ نابنە یاسا، بەڵکوو خودی ئەو وڵاتانەی سزا دەسەپێنن بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەخەنە ئەستۆی خۆیان. غەریبئابادی گوتی: "ئێران هیچ بایەخێک بۆ ئەم هەنگاوە سیاسی و دووڕوویانەی ئەوروپا دانانێت و بەردەوام دەبێت لە ستراتیژییەتی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری و پیادەکردنی مافەکانی لە گەرووی هورمزدا."
ئەم لێدوانانەی غەریبئابادی لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە لوتکە و تاران دەیەوێت پەیامی ئەوە بنێرێت کە سزاکانی ئەوروپا هیچ گۆڕانکارییەک لە رەفتارە سەربازی و دەریاییەکانی ئەو وڵاتەدا دروست ناکەن.