سعوودیە دەنگۆی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی رەتدەکاتەوە

وەزارەتی بەرگری سعوودیە ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بەئامانجگرتنی بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک ریاز دەکەن و رایدەگەیەنێت، لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە تەنیا رێکارێکی خۆپارێزی بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگری سعوودیە، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانیی (ئەمیر سوڵتان) لە پارێزگای خەرج بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە."

سەبارەت بە هۆکاری لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، روونی کردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای خەرج زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، بەڵام ئەوە تەنیا "رێکارێکی خۆپارێزی" بووە، دوای ئەوەی مووشەکێکی بالیستی لە خاکی یەمەنەوە ئاراستە کراوە و لە نزیک سنوورەکان ون بووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعوودیە ئاماژەی بەوەش کرد، کە لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی وردەکارییەکانی ئەو مووشەکەی ئاراستە کراوە، تا ئێستا بەردەوامن.