هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی لە نزیك گەرووی هورمز کەوتە خوارەوە

هێلیکۆپتەری ئاپاچی (AH-64)
هێلیکۆپتەری ئاپاچی (AH-64)

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەلیکۆپتەرێکی جۆری ئەپاچی سەر بە سوپای ئەمریکا لە نزیك گەرووی هورمز کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هەردوو تیمی فڕۆکەکە بە سەلامەتی رزگارکراون.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، تا ئێستا هۆکاری سەرەکی رووداوەکە روون نییە و نازانرێت ئایا هەلیکۆپتەرەکە بە تەقەی هێزەکانی ئێران خراوەتە خوارەوە، یان بەهۆی کێشەی تەکنیکی و کێشەی میکانیکییەوە بووە.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکە دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی کۆتایی لەبەردەستدا نییە.

هێزە ئەمریکییەکان بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی بازرگانی، کۆمەڵێک لە پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانیان وەک (F/A-18) و (F-35) و درۆنەکانی جۆری (MQ-9 Reaper) جێگیر کردووە، لەگەڵ بەکارهێنانی هێلیکۆپتەری هێرشبەرەکانی ئاپاچی (AH-64) کە رۆڵێکی سەرەکی لەم رووبەڕووبوونەوانەدا دەگێڕن.

لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی 28ـی شوبات، زیانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە؛ بە جۆرێک ئێران توانیویەتی نزیکەی 30 درۆنی جۆری ریپەر بخاتە خوارەوە، سوپای ئەمریکا ژمارەیەکی سنووردار لە فڕۆکە جەنگییەکانی بەهۆی تەقەی ئێران یان هەڵەی تەکنیکییەوە لەدەستداوە. بەڵام ئەوەی سەرنجی ناوەندە سەربازییەکانی راکێشاوە، کەوتنی یەکەمین هێلیکۆپتەری ئاپاچییە لەم ململانێیەدا، ئەمەش وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە پێکدادانەکاندا دەبینرێت.

هێلیکۆپتەری ئاپاچی، بە موشەکی مەرگهێنی هێڵفایەر پڕچەک کراوە، یەکێکە لە مەترسیدارترین کۆپتەرە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەم فڕۆکانە ئەرکی پاراستنی رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانیان پێسپێردراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی بەلەمە بچووکەکان و راوکردنی درۆنەکان. بەڵام بەگوێرەی مەیدانی جەنگ، ئەم هێلیکۆپتەرانە بە فەرمانی فەرماندەیی ناوەندیی دەستیان کردووە بە نزیکبوونەوەی زیاتر لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران و ئەو دوورگانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی تاراندان، ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتی فشار و پەرەپێدانی سەربازی بەرامبەر بە ئێران.