ئێران لە 12 کاتژمێردا زیانی نیو ملیار دۆلاری بە ئیسرائیل گەیاندووە

رۆژنامەی ئیسرائیل هەیۆم لە راپۆرتێکی ورددا ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە، تەنیا لە 12 کاتژمێردا زیاتر لە نیو ملیار دۆلار زیان بە ژێرخانی ئیسرائیل گەیشتووە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە بە شێوەیەکی گشتی سانسۆرێکی توند دەخرێتە سەر بڵاوکردنەوەی زیانەکان، بەڵام ئاشکراکردنی ئەم قەبارە گەورەیە لە زیانی ماددی و مرۆیی، نیشانەی مەترسیی ئەو دۆخەیە کە ئیسرائیل تێیکەوتووە. سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم بڕە پارەیە تەنیا خەمڵاندنێکی سەرەتاییە و بەهۆی بەردەوامیی دۆخەکە، هێشتا مەحاڵە تێچووی کۆتایی زیانەکان دیاری بکرێت.

ئەم زیانە داراییە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناوخۆی حکوومەتی ئیسرائیل؛ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی رەخنە لە بەڕێوەبردنی بودجەی سوپا دەگرن و دەڵێن؛ سوپا سەرەڕای ئەوەی ساڵانە 200 ملیار شیکڵ بودجەی هەیە، بەڵام ناتوانێت بە کارامەیی داراییەکەی بەڕێوەبەرێت.

لە بەرامبەردا، ناوەندە ئەمنییەکان ئەو تۆمەتانە رەت دەکەنەوە و رایانگەیاندووە، جەنگی ئێستا لە چوارچێوەی ئەرکە کتوپڕەکاندایە، پێشتر بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە و پێویستی بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێ هەیە.

ئەم تێچووە زەبەلاحە تەنیا زیانی بینا و دامەزراوەکان نییە، بەڵکو تێچووی مووشەکە بەرگرییەکان بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران.هەروەها  بڵاوەپێکردنی فراوانی سیستەمە بەرگرییەکان، تێچووی ئۆپەراسیۆنی هێزەکان و زیانە راستەوخۆکان بە ژێرخانی سەربازی و مەدەنی دەگرێتەوە.

ئێستا گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی دارایی و دامەزراوە ئەمنییەکان بەردەوامە بۆ دابینکردنی بودجەی زیادە، بەڵام هێشتا جیاوازییەکان گەورەن و دیار نییە ئایا حکوومەت دەتوانێت ئەو کورتهێنانە داراییە گەورەیە پڕ بکاتەوە یاخود نا.