سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی شاری سوور و گەڕەکی مەسیحییەکان لە باشووری لوبنان دەکات
سوپای ئیسرائیل داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی شاری سوور لە باشووری لوبنان کرد، بۆ ئەوەی شارەکە و دەوروبەری چۆڵ بکەن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، ئیلا واوییە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیای عەرەبی، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئاگادارییەکی بەپەلە بۆ دانیشتووانی شاری سوور، لە نێویاندا گەڕەکی مەسیحییەکان، کەمپەکان و گەڕەکەکانی دەوروبەری؛ لە پێناو سەلامەتیتان، داواتان لێ دەکەین ماڵەکانتان چۆڵ بکەن و بەرەو باکووری رووباری زەهرانی بڕۆن."
گوتەبێژەکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "حزبوڵڵا رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە و ناوخۆی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، بۆیە سوپا ناچارە بە هێزەوە کاردانەوەی هەبێت."
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە؛ مانەوە لە نزیک چەکدارانی حزبوڵڵا، دامەزراوەکانیان یان کەرەستە جەنگییەکانیان، ژیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە، جەختیشی کردەوە، هەر باڵەخانەیەک حزبوڵڵا بۆ مەبەستی سەربازی بەکاری بهێنێت، دەکرێتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوە، هەر جووڵەیەک لە باشووری رووباری زەهرانی مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات، ئاشکراشی کرد، لە ماوەیەکی نزیکدا سوپا لە ناو گەڕەکی مەسیحییەکانی شاری سووردا دژی چالاکییەکانی حزبوڵڵا دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکات.