مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: هیوادارین گەنجەکانمان باوەڕ و متمانەیان بەخۆبێت

مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: هیوادارین گەنجەکانمان باوەڕ و متمانەیان بەخۆبێت، کوردستان وڵاتێکی خۆشە، دەتوانین وڵاتەکەمان ئاوەدانتر بکەینەوە، بەڵام ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییە دەکەوێتە ئەستۆی گەنجان، هیودارم بەو متمانەی بەخۆیان هەیە یارمەتیمان بدەن.

لەسەر داهاتی ناوخۆ مەسرور بارزانی گوتی: چەندین شێواز هەیە بۆ زیادکردنی داهات بەشێکی هەناردەکردنی نەوتە، داهاتی عێراق بەگشتیی کەمیکردووە، چونکە هەناردەکردنی نەوتی عێراق کەمیکردووە، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکە دا هەبوون، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە یارمەتی حکوومەتی عێراق بدەین لە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هاوکات کۆمپانیاکان داوای گرەنتیان لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن دەستبە کارەکانیان بکەنەوە، 

لەلایەکی دیکەوە بازرگانیکردنە کە دەتوانێت داهات زیاد بکات، بەڵام بەهۆی سەپاندنی بڕیارێک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە سیستەمی ئەسیکۆدا هەبووە، دواتر ئێمە هەوڵمانداوە بگەینە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، هیوادارین ئەم تێگەیشتنە ببێتە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی بازرگانیکردن لە هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ.

گوتیشی: پەیوەندییەکی بەردەواممان لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە، ئەم ناوەندە تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، هەندێکجار بۆ پێشنیار و خستنەڕووی بیرۆکەشە، بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییە تەندروستبێت و کارەکان بەباشی بەڕێوەبچن، هەروەها ئەگەر ئەم ناوەندە بەردەوامی هەبێت ئێمە دەتوانین کێشەکان لە کاتی خۆیدا چارەسەر بکەین و تەنانەت هەندێکجار یارمەتیدەربین بۆ ئەوەی بیرۆکەی نوێ بخەینەڕوو بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا.

جەخت لەوە دەکاتەوە، بە ئومێدەوە سەیری ئەو پەیوەندییە دەکەین، لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، هیوادارین ئەو پەیوەندییەی هەیە بەم ئاستە باشە بەردەوامبێت و باشتری بکەین، هەروەها بابەتی مووچەش بەستراوەتەوە بە هەموو خەڵکی عێراق و هیوادارین جیا نەکرێتەوە و تێکەڵ بە بابەتە سیاسییەکان نەکرێت.

نوێ دەکرێتەوە..