تا مانگی حەوت مۆڵەت بە بریکارەکانی غاز دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ژمارەیەک بڕیاری بۆ یەکخستنەوەی سیستمی دابەشکردنی غاز بەسەر بریکارەکاندا دەرکرد و هەر بریکارێک پابەند نەبێت بەشە غازەکەی کەمدەکرێتەوە. 

لەوبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، سالار مەحموود، بەرپرسی بەدواداچوون و پشکینین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند؛ بەگشتی 450 بریکاری دابەشکردنی غاز لە هەولێر هەن و رۆژانە غازیان بەسەردا دابەش دەکرێت، بەڵام 29 لە بریکارەکان ئۆتۆمبێلی گەورەی دابەشکردنی غازیان هەیە و چەند جارێک ئەو بریکارانە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن، ئامانجیش لەو بڕیارە چەسپاندنی دادپەروەرییە لە دابەشکردنی غاز بەسەر بریکارەکاندا، چونکە هەر ئۆتۆمبێلیکی دابەشکردنی غاز رۆژانە 70 بوتڵی پێدەدرێت و ئۆتۆمبێلە گەورەکان 105 بوتڵ هەڵدەگرن، ئەوەش دادپەروەری نییە.

گوتیشی، ئەگەر ئەو بریکارانە تا یەکی حەوت پابەندی بڕیارەکەیان نەبن، ناچارن بەشە غازەکەیان کەمبکەنەوە. ئاشکراشی کرد، هەفتانە پێنج کاروانی غاز بەسەر بریکارەکان دابەش دەکەن و هەر کاروانێکی 35 هەزار بوتڵ دابەش دەکرێن.

 سەبارەت بە نیگەرانی بریکارەکانی غاز، سالار مەحموود رایگەیاند، ناکرێت چەسپاندنی دادپەروەری لەپێناو چەند برێکارێک بەربەستی بۆ دروست بکرێت و ئەوانیش گلەییان لەو بریکارانە هەیە و چەند جارێک نیگەرانییان لەلایەن خەڵکەوە ئاراستەکراوە، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان گەورەیە و لە کۆڵانەکان دا کێشە دروست دەکەن، یان چەند جارێک بوتڵی غازییان لێکەوتووەتە خوارەوە و بەر شەقامەکان کەوتووە و زیانی پێگەیاندوون. بەڕپرسی بەشی بەدواداچوون و پشکین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوتی کانزاکانی هەولێر لەبارەی دابەشکردنی بەنزینیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا رۆژانە 21 تانکەر بەنزین لە هەولێر دابەش دەکرێت و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو بڕە زیاد بکرێت و لۆدی سەر بەنزینخانەکان نەمێنێت. لەبەرئەوەی نزیکەی یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەولێر هەیە و ئەگەر رۆژانە سەرووی ملیۆنێک لیتر بەنزینیان بۆ دابین بکرێت کێشەکە چارەسەر دەبێت.

گوتیشی، حکوومەتی عێراق بڕی نەوتی خاوی بۆ پاڵاوگەکان کەمکردووەتەوە و هەروەها لە ساڵی 2022 ـەوە حکوومەتی عێراق بەشە بەنزینی هەرێمی کوردستانی نەناردووە کە رۆژانە 21 تانکەر بەنزین بووە، ئەوەش بارگرانی زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان دروست کردووە.