سبەی پزیشکیان سەردانی پاکستان دەکات
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی سێشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، گەشتێکی فەرمی بۆ وڵاتی پاکستان ئەنجام بدات.
دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، حەبیب عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "سەرۆککۆماری ئێران سبەی سێشەممە سەردانی پاکستان دەکات و پێشبینی دەکرێت سەردانەکەی یەک رۆژ بخایەنێت."
عەباسی ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەم سەردانە تاوتوێکردنی رێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەردەوامبوونی راوێژەکانی نێوان تاران و ئیسلام ئابادە، هەروەها بڕیارە تاران پێزانینی خۆی بۆ پاکستان دەربڕێت کە وەک نێوەندگیر لە نێوان ئێران و ئەمریکا رۆڵ دەگێڕێت.
لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی پاکستان جەختی کردەوە، سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران دەرفەتێکی گرنگە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی ئێستا لە سویسرا بەڕێوەدەچن.
ئەم سەردانەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوە دێت، دانوستانەکانی نێوانیان لە سویسرا لەگەڵ ئەمریکا بە گوتەی بەرپرسانی هەردوولایەن بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە، هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆکانی بێرگنستۆک لە سویسرا بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و چارەسەری هەمیشەیی لەگەڵ ئێران.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رێکارێکیان بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز و پاککردنەوەی لە مینەکان داناوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئێرانییەکان رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ بانگهێشتکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ وڵاتەکەیان، ئەمەش بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ وەسف کرد.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆ لەگەڵ چاودێرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە بێرگنستۆک دەست پێدەکات و گفتوگۆ تەکنیکییەکانیش بە درێژایی هەفتە بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، ڤانس روونی کردەوە، رێکارێکیان بۆ رێگریکردن لە پێکدادان و کەمکردنەوەی گرژییەکان داناوە، بۆ ئەوەی رەوشەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمریکا دەیەوێت لە یەک کاتدا ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەریی لوبنان بپارێزێت، بەڵام داوای کرد ئێران سنوورێک بۆ جموجوڵەکانی حیزبوڵڵا دابنێت و پێی وایە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
لەلایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە راپۆرتەکان سەبارەت بە سەروەت و سامانی ئێرانییەکان راست بن و گوتی، دەیانەوێت میکانیزمێک دابنێن بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئەو پارەیە یارمەتیی هاووڵاتییانی ئێران دەدات و بۆ تیرۆر خەرج ناکرێت.
لە بەرامبەردا، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، شاندی دانوستانکاری ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالباف، ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026 سویسرایان بەرەو تاران جێهێشت، ئەمەش دوای نزیکەی 18 کاتژمێر گفتوگۆ و راوێژی چڕ لەگەڵ ئەمریکا، بە ناوبژیوانی پاکستان و قەتەر دێت.
لەم گەڕەی دانوستانەکان شاندی ئێران بەشدارییان لە دیدارە دووقۆڵی و چوارقۆڵییەکان لەگەڵ شاندی ئەمریکا و ناوبژیوانانی پاکستان و قەتەر کرد، هه ڵوێستی تارانیان له بارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن و مەرجەکانی پێویست بۆ گواستنەوەی قۆناخی دانوستانی کۆتایی رێککەوتن خستەروو.
لە کۆتایی راوێژکارییەکاندا، قەتەر و پاکستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، لایەنەکان لەسەر نەخشەڕێگایەکی 60 رۆژە گەیشتوونەتە رێککەوتن، هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا و تیمی تەکنیکی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، گفتوگۆ تەکنیکیەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە کۆمەڵگەی بۆرگنشتۆک لە سویسرا بەردەوام دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ئەو لێکگەیشتنانەی کە لەم گەڕەی دانوستانەکاندا گەیشتوونەتە ئەنجام.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە شاندی وڵاتەکەی هەڵوێست و دیدگاکانی خۆی "راشکاوانە و بە روونی” لە میانی کۆبوونەوەی چوارقۆڵیدا کە ئەمریکا و ناوبژیوانانی قەتەر و پاکستانی لەخۆگرتبوو، خستووەتەڕوو.
شەوی 20 لەسەر 21ـی حوزەیران، شاندی دانوستانکاری ئێران بەسەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف و عەباس عێراقچی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتنە سویسرا، هەروەها پێشتر شاندی دانوستانکاری ئەمریکاش بەسەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سویسرا ئامادەبوون بۆ وژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان.