دانیشتووانی حەبانییە بەهۆی وشکەساڵییەوە کۆچ دەکەن

قەزای حەبانیە و گوندەکانی دەوروبەری رووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی و مرۆیی بوونەتەوە، وشکبوونی دەریاچەی حەبانیە، کە ساڵانێکی درێژ سەرچاوەی ژیان و بژێویی ناوچەکە بووە، ئێستا ژیانی هەزاران خێزانی خستووەتە مەترسییەوە و دانیشتوانی گوندەکانی 'عەنکور و مەجر' دەستیان بە کۆچی بەکۆمەڵ کردووە.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە هەشت هەزار خێزان کە پێشتر بژێوییان لەسەر راوەماسی بوو، ئێستا بێکار و بێدەرەتان ماونەتەوە، ماسیگرەکان کە لە هەمووان زیاتر هاواریان لێ بەرزبووەتەوە، دەڵێن "دەریاچەکە کە پێشتر سەرچاوەی نانمان بوو، ئێستا وشک بووە و هیچ بەرهەمێکی تێدا نەماوە، ئەمەش ناچاری کردووین زێدی خۆمان جێبهێڵین."

سەرباری وشکبوونی دەریاچەکە، ئەوەی هاووڵاتیانی زیاتر نیگەران کردووە، نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەیە. یەکێک لە دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێت "جێگەی داخە کە ئێمە لەسەر قەراخی دەریاچەیەک دەژین، بەڵام قەترەیەک ئاوی پاکمان دەست ناکەوێت بۆ خواردنەوە."

دیمەنی ئێستای دەریاچەی حەبانیە گۆڕاوە بۆ زەوییەکی وشک و برینگ و پیسبوو، کە هیچ ئاسەوارێکی جوانیی جارانی پێوە نەماوە، ئەم دۆخە نەک هەر زیانی بە ژینگەکە گەیاندووە، بەڵکو بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر مانەوەی مرۆڤ لەو ناوچەیەدا.

دانیشتوانی حەبانیە و گوندەکانی دەوروبەری، داوای گرتنەبەری رێکاری بەپەلە و فریاگوزاری لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، پێش ئەوەی ناوچەکە بە تەواوی لە دانیشتوان چۆڵ بێت و کارەساتەکە گەورەتر ببێت.