بەغدا کێشەکانی بەردەم بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی کوردستانی چارەسەر نەکردووە

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، بەهۆی کۆمەڵێک گرفتی تەکنیکی، دارایی و یاسایی لەگەڵ لایەنی تورکی، تاوەکو ئێستا کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیار نییە و بەغدا هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوت، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، بە کوردستان24 ی راگەیاند: تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردەوە کە چەندین کێشە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، لەوانە گرفتە تەکنیکییەکان کە بەهۆی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان دروست بوون.

سەبارەت بە هەناردەکردن لە رێگەی تورکیاوە، ئاماژە بەوە دراوە کە تورکیا ساڵی رابردوو عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە رێککەوتنی بۆری نەوتی کەرکووک-جەیهان لە 27 ی تەممووزی 2026 بەسەردەچێت و ئامادە نییە بە مەرجەکانی پێشوو رێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە. کۆمپانیاکانیش مەترسییان هەیە لەوەی رێککەوتنەکە نوێ نەکرێتەوە، چونکە ناتوانن تەنیا بۆ مانگێک بەرهەمهێنان دەست پێبکەنەوە و دواتر دووبارە رابگیرێتەوە، چونکە ئەوە زیانێکی زۆر بە بیرە نەوتییەکان دەگەیەنێت.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستا قەرزی کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوتی لە هەرێمی کوردستان پاکتاو نەکردووە، ئەمەش وەک یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان ماوەتەوە.

سەبارەت بە پاراستنی کێڵگەکان، داوا لە عێراق کراوە سیستمی دژە درۆن دابین بکات، بەغدا بەڵێنی داوە بەڵام هێشتا هەنگاوی کردەیی نەناوە. هەرچەندە کڕینی ئەو سیستمە یەکێک بوو لە تەوەرەکانی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، بەڵام بەهۆی داواکاری زۆری وڵاتانی کەنداو بۆ کڕینی ئەو سیستمە، عێراق لە ریزبەندی کۆتایی کڕیارەکاندایە و بەمزووانە بۆی دابین ناکرێت.

ئێستا لە کۆی 11 کۆمپانیای نەوت، 8 کۆمپانیا کارەکانیان راگرتووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە سبەی دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، دەتوانن رۆژانە 160 بۆ 170 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنن.