زانکۆیەکی کوردستان مامەڵەکانی کردووەتە ئەلیکترۆنی و کاخەز بەکارناهێنێت
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان، زانکۆی سۆران تەواوی دۆسیە و زانیارییەکانی کردە دیجیتاڵی و کاخەز بەکارنایەنێت، ئەمەش کارئاسانییەکی گەورە بۆ قوتابییان و فەرمانبەرانی دەستەبەر کردووە.
بۆ بچووککردنەوەی شوێنی مامەڵە و زانیارییە کارگێڕییەکان، زانکۆی سۆران تەواوی دۆسیەکانی گواستووەتەوە بۆ نێو کۆمپیوتەر. لە رێگەی بەدیجیتاڵکردنەوە، رۆتینی کارگێڕی کەم کراوەتەوە و کاری تەواوی زانکۆکە خێراتر بووە. ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان.
رێکار نیعمەت، بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆی سۆران باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەم سیستەمەیان لە شوێنێکی دیکەوە بهێنایە، پێویستی بە کات و رۆتینێکی زۆر دەبوو، بەڵام ئێستا بەپێی خواستی خۆیان و بە رێنمایی ئەنجوومەنی زانکۆ، سیستەمەکەیان داڕشتووە و پەرەیان پێ داوە. ئەمەش وای کردووە زووتریش وەڵامی پێداویستییەکانی زانکۆکە بداتەوە.
سیستەمەکە تەنیا بۆ بەشی کارگێڕیی زانکۆکە نییە، بەڵکوو لە شێوەی نەرمەکاڵایەک لە ئامێرە زیرەکەکاندا بەردەستە. بەمەش هەر قوتابییەک دەبێتە بەکاربەر و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەگاتە تەواوی زانیارییەکانی. ئەمە رێکارێکی زۆر ئاسانە و تەنیا لە رێگەی ئیمەیڵی قوتابییەوە جێبەجێ دەکرێت.
د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان رایگەیاند، ئەم هەنگاوە وەک شادەمارێکی سەرەکیی کاروباری زانکۆ هەژمار دەکرێت. هەروەها گوتی: "ئەمە تەنیا ئامرازێکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو وەرچەرخانێکی ستراتیژییە بۆ راپەڕاندنی کارەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی." ئاماژەی بەوەش دا، گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم سیستەمە بریتین لە خێرایی، روونی لە کارەکان و دەستگەیشتن بە زۆرترین زانیاری لە کەمترین کاتدا.
بەم شێوەیە، زانکۆی سۆران بە توانای ناوخۆیی و پشت بەستن بە ستافەکەی خۆی، هەنگاوێکی گەورەی لە بواری تەکنەلۆژیا و بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان ناوە و پێشەنگە لەم بوارەدا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.