رێگە درا تەماتەی هەرێمی کوردستان ببرێتە بازاڕەکانی عێراق
کێشەی هەناردەکردن و ساخکردنەوەی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چارەسەر کرا، بەڵام هێشتا رێگری لە بەرهەمی پیاز دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای بازاڕی سەوزە و میوەی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی و زۆریی رێژەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، کێشەی ساخکردنەوە بۆ جووتیاران دروست ببوو، بەتایبەتی بۆ ئەو جووتیارانەی دەیانویست بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕەکانی عێراق بگوازنەوە، بەڵام ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر کرا.
سەروەر عەلی گوتیشی، جووتیاران بەهۆی ئاستەنگی و رێگریی بازگەکان لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، پەیوەندییان بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە کردووە، ئەوانیش بەدەم سکاڵاکەیانەوە چوون و رێگەیان پێ داون بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی عێراقدا بفرۆشن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم بڕیارە بەرهەمی پیاز ناگرێتەوە، تاوەکو ئێستا لە بازگەکانی کەرکووک رێگری لە گواستنەوەی پیازی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و پێگەیشتنی بەروبوومی کشتوکاڵی، جووتیارانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان دەبنەوە. زۆرجار حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە رێگەی بازگەکانییەوە، بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک و نەینەوا، رێگری لە گواستنەوەی سەوزە و میوەی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور.
بەغدا پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە دەیەوێت بەرهەمی کشتوکاڵیی ناوچەکانی دیکەی عێراق بپارێزێت و نرخیان دانەبەزێت، بەڵام ئەم بڕیارانە زیانی گەورەی دارایی بە جووتیارانی کورد دەگەیەنێت و زۆرجار دەبێتە هۆی خراپبوونی هەزاران تۆن بەروبووم.
لە چەند ساڵی رابردوودا، جووتیاران چەندین جار گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان کردووە و رێگەی سەرەکییان داخستووە بۆ گەیاندنی دەنگیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
سەرباری ئەوەی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمەکان و دیاریکردنی رۆژژمێری کشتوکاڵی، بەڵام بەردەوام کێشە لە بازگەکاندا دروست دەبێت و پێویستی بە دەستێوەردانی خێرا هەیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.