فڕۆکەخانەیەکی دیکەی باکووری کوردستان کرایە نێودەوڵەتی
فڕۆکەخانەی باتمان بە فەرمی کرایە نێودەوڵەتی
بە بڕیارێکی سەرۆککۆماری تورکیا، فڕۆکەخانەی باتمان لە باکووری کوردستان وەک فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی ناسێندرا و لەمەودوا دەتوانێت گەشتەکانی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات.
بە فەرمی فڕۆکەخانەی باتمان وەک دەروازەی سنووریی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی هەمیشەیی ناسێندرا و بەمەش بووە نۆیەمین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە باکووری کوردستان.
بەپێی بڕیارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتەکەدا، فڕۆکەخانەی باتمان لەمەودوا دەتوانێت گەشتە نێودەوڵەتییەکان رێکبخات. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، ناساندنی فڕۆکەخانەی باتمان وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ گرێدانی ناوچەکەیان بە تۆڕی گواستنەوەی جیهانییەوە.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی نوێ لە بوارەکانی بازرگانی و گەشتوگوزاردا. هاوکات گوتی، بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە گەشەپێدانی ئابووریی ناوچەکە، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی پلانی بەهێزکردنی ژێرخان و هەناردەکردن.
فڕۆکەخانەی باتمان بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1998دا کرایەوە و دەستبەکار بوو.
فڕۆکەخانەکە ساڵانە توانای لەخۆگرتنی دوو ملیۆن گەشتیاری هەیە و تەنیا حەوت کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری باتمانەوە دوورە.