عەلی زەیدی گەیشتە واشنتن
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی گەیشتە واشنتن؛ نووسینگەی سەرۆکوەزیران رایدەگەیەنێت، ئەم سەردانە هەوڵێکی جددییە بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی کارا، بە ئامانجی راکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی بۆ پڕۆژەکانی ژێرخان و پەرەپێدانی سێکتەرەکانی نەوت، گاز و پیشەسازیی پترۆکیمیاوی لە عێراقدا
دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومیدا گەیشتە واشنتن؛ ئەم سەردانە هەوڵێکی جددییە بۆ پەرەپێدانی ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و گۆڕینیان بۆ هاوبەشییەکی گەشەپێدانی کارا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی، راکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و فراوانکردنی بەشداریی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان لە عێراقدا. حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم هاوبەشییەوە، تەکنۆلۆژیا و سەرمایەی ئەمریکی بۆ ناوخۆی وڵات ڕابکێشێت تاوەکو سیمایەکی مۆدێرن بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ببەخشێت.
نووسینگەکە باسی لەوەش کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن تاوتوێی پەرەپێدانی سێکتەرەکانی نەوت و گاز دەکات. ئامانجی بەغدا لەم قۆناخەدا، بەرزکردنەوەی توانای نیشتمانییە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە نەوتییەکان و پیشەسازیی پترۆکیمیاوی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستنی رەها بە فرۆشتنی نەوتی خاو.
لە بەشێکی دیکە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارە لە میانەی دیدارەکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا، پاکێجێکی دۆسیەی ستراتیژی بخاتەڕوو. ئەم دۆسیانە نەک تەنیا لایەنی حکومی، بەڵکو کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی بازرگانی و پیاوانی کار و ئابووریی ئەمریکاش لەخۆدەگرن، بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان کەرتی تایبەتی هەردوو وڵاتدا.