سەرۆکی حکوومەت پرۆژەیەکی گەورەی ئاوی خواردنەوە دەکاتەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو بۆ 53 گوندی سنووری شارۆچکەکانی مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان دەکاتەوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی سەرچاوەکانی ئاو، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ 53 گوندی سنووری هەرسێ قەزای مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی دابینکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە. 

سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە لە گوندی باڵندای سنووری مێرگەسۆرە، لەوێ وێستگەیەکی پاککردنەوە دامەزراوە، هەر کاتژمێرێک توانای دابینکردنی 1200 مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئەم پڕۆژەیە ئاوی خواردنەوەی خاوێن بۆ 35 هەزار هاووڵاتی دابین دەکات.

پڕۆژەکە سێ وێستگەی سەرەکی پەمپکردن لەخۆ دەگرێت، 24 پەمپ و 70 کۆگای گلدانەوەی ئاوی بە قەبارەی جیاواز هەیە. قەبارەی کۆگاکان لە 100 تا 8000 مەتر سێجا دەبن. درێژی هێڵە سەرەکییەکان نزیکەی 220 کیلۆمەترە، تۆڕی ناوخۆی گوندەکانیش زیاتر لە 320 کیلۆمەتر دەبێت. بەمەش کۆی گشتی تۆڕی پڕۆژەکە دەگاتە 540 کیلۆمەتر.

 ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکی باش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت تا زیاتر گرنگی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەن، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ئابووری وڵات.