خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا پێش ئەوەی رووبەڕووی یەکتر ببنەوە
هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بۆ دووەمجار لە مێژوویاندا لە مۆندیال رووبەڕوویە یەکتردەبنەوە، پێشتر بۆ یەکەمجار لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 1966 بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە کە ئەوکات ئەرجەنتین 2 ـ 1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای 60 ساڵ جارێکی دیکە ئەم دووانە لە مۆندیال بەیەک دەگەنەوە، بەڵام ئەمجارە لە یاریی کۆتایی مۆندیال بەرامبەر یەکتر یاری دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لە یاریگەی مێتلایف لە نیوجێرسی ئەمریکا ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی 2022 و ئیسپانیای پاڵەوانی یۆرۆی 2024 رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
ڕێگای گەیشتنی هەردوو هەڵبژاردە بەرەو یاریی کۆتایی
ئەرجەنتین لەم مۆندیالە سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە کە حەوت سەرکەوتن بوو بەرامبەر (جەزائیر، میسر، ئوردن، نەمسا، کاپ ڤێردی، سویسرا و ئینگلاند) لە بەرامبەردا ئیسپانیا لە کۆی حەوت یاری شەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یارییەکیش بەرامبەر کاپ ڤێردی یەکسان بوو.
خاڵە بەهێزەکان ئەرجەنتین
ـ ڕۆڵی کاریگەر و سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی.
ـ ئارامی هەڵبژاردەکە لە کاتی فشارەکان.
ـ ڕوحی جەنگاوەرانەی یاریزانەکان و توانای گەڕانەوەیان لە دواکەوتن بەرەو سەرکوتن.
ـ ئەزموونی هەڵبژاردەکە لە یارییە گەورەکان.
ـ هێرشی خێرا و پشتبەستن بە هێرشە پێچەوانەکان.
خاڵە لاوازەکانی ئەرجەنتین
ـ لە رووی بەرگرییەوە ئەرجەنتین لەم مۆندیالەدا لە ئیسپانیا لاوازترە، بە تایبەتی لە هێرشە خێراکاندا هێڵی بەرگری ئەرجەنتین کێشەی بۆ دروست دەبێت، زۆرجار ئەگەر لە باڵەکانەوە بەخێرایی هێرش بکرێتە سەر ئەرجەنتین، بەرگریکارانی تانگۆ کێشەیان بۆ دروست دەبێت، هەندێک جار بۆشایی دەکەوێتە پشت هێڵی بەرگری ئەرجەنتین.
ـ رەبگە پێتان سەیر بێت، پشتبەستن بە مێسی، یەکێکی دیکەیە لە خاڵە لاوازەکانی ئەرجەتین، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر مێسی لە رۆژی خۆیدا نەبێت یان تووشی پێکان بێت، ئەرجەنتین لەرووی گۆڵ و ئەسیست و رەخساندنی دەرفەتی گۆڵکردن کێشەی بۆ دروست دەبێت. لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئیسپانیا بتوانێت مێسی سنووردار بکات، توانای ئەرجەنتین بۆ هێرشبردن و گۆڵکردن لاواز دەبێت.
خاڵە بەهێزەکان ئیسپانیا
ـ کۆنترۆڵی تۆپ و باڵادەستی ناوەڕاست.
ـ بەهێزی توانای جەستەیی و رێکخراوی پێکهاتەکە.
ـ خێرایی هێرشەکانی ئیسپانیا لە باڵەکان و جوڵەی زۆری یاریزانەکان.
ـ دەرکەوتن و درەوشانەوەی لامین یامال.
خاڵە لاوازەکانی ئیسپانیا
ـ زیادەڕۆیی لە گلدانەوەی تۆپ و پاسی زۆر، هەندێکجار کێشە بۆ ئیسپانیا دروست دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر ئەرجەنتین فشارێکی بەرز بخاتە سەر ئیسپانیا، تیپەکەی دێ لافوێنتی راهێنەری ماتادۆرەکان لە گواستنەوەی تۆپ دەکەونە هەڵە و تیپی بەرامبەر بە هێرشی پێچەوانە دەتوانێت گورزی خۆی بوەشێنێت.
ـ پشتبەستن بە بنیاتنانی هێرشەکان لە باڵەکانەوە، زۆرجار بۆشایی لە دواوە دروست دەکات و لە ئەگەری پچراندن و لەدەستدانی هەر تۆپێک، دەبێتە مەترسی لەسەر ئیسپانیا.
ـ ئەزموونی کەمی هەندێک لە یاریزانە گەنجەکان، لەوانە لامین یامال و هەندێک لە یاریزانە بەهرەمەندەکان، چونکە یاریی کۆتایی مۆندیال پێویستی بە دەروونێکی تایبەت هەیە کە بەرگەی فشارەکان بگرێت.
کلیلەکانی یاری
ـ ئەگەر ئەرجەنتین بتوانێت فشار بخاتە سەر ناوەڕاستی ئیسپانیا و بەردەوامی بدات بە خێرایی هێرشەکانی، هەلێکی باشی دەبێت بۆ ئەوەی گۆڵ لە ئیسپانیا بکات.
ـ لە بەرامبەردا ئەگەر ئیسپانیا بتوانێت تۆپ لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بپارێزێت و مێسی لە یاری داببڕێنێت، دەکرێت کۆنترۆڵی یارییەکە بگرێتەدەست و دەرفەتی سەرکەوتنی زیاتر دەبێت.
ـ بەهێزترین کلیلەکانی ئەرجەنتین کە پێویستە بخرێنە ژێر چاودێری ئیسپانیا، لیۆنێل مێسی، ئەنزۆ فێرناندێز، ئالێکسیس ماک ئالیستەر.
ـ لە بەرامبەردا بەهێزترین کلیلەکانی ئیسپانیا کە پێویستە بخرێنە ژێر چاودێری ئەرجەنتین، لامین یامال، نیکۆ ویلیامز، پێدری، ڕۆدری.
ـ لە ڕوانگەی تاکتیکی، ئەم یارییە جەنگێکە لە نێوان ئەزموون و کارەکتەرەکانی ئەرجەنتین لەلایەک، کۆنترۆڵ و خێرایی و تاکتیکی نوێی ئیسپانیا لە لایەکی تر، زۆرێک لە شارەزایان کە بچووکترین هەڵە لەو یارییە دەتوانێت چارەنووسی جامی جیهانی 2026 دیاری بکات.
گرنگی یارییەکە
ئەرجەنتین هەوڵ دەدات بە بردنەوە لەم یارییە بۆ چوارەمجار لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەونانی مۆندیال، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر ئەرجەنتین ئەم یارییە لە ئیسپانیا بباتەوە و بۆ دووەمجار لەسەریەک ببێتە پاڵەوانی مۆندیال ریکۆردەکەی بەرازیل یەکسان دەکاتەوە، بەوپێیەی پێشتر بەرازیل دووجار لەسەریەک لە مۆندیالەکانی (1958 و 1962) بووەتە پاڵەوان.
لە بەرامبەردا ئیسپانیاش هەوڵ دەدات بۆ دووەمجار لە مێژوویدا جامەکە بباتەوە، پێشتر بۆ یەکەمجار مۆندیالی 2010ـی بەدەستهێنا.