شای بەریتانیا ئاندی بێرنهامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد

شا چارڵزی سێیەم، شای بەریتانیا، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، سەرۆکی نوێی پارتی کرێکاران، ئاندی بێرنهامی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکە راسپارد، ئەمەش دوای ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەی کییەر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی قبوڵ کرد.

کۆشکی باکینگھام لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پاش پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی ستارمر، شای بەریتانیا ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی بە بێرنهام سپاردووە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی نوێ بەپێی رێکارە دەستوورییەکانی وڵات، راسپاردنەکەی شای پەسند کردووە.

بەم پێیە، ئاندی بێرنهام دەبێتە حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی یەک دەیەدا، هەروەها بەڵێنی داوە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتەکەی بە ئاراستەی ئەو پرسانەدا ببات کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، لە سەرووشیانەوە قەیرانی تێچووی بژێوی، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری.

بڕیارە بێرنهام لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا پێکهاتەی کابینەکەی رابگەیەنێت، ئەمەش بە یەکەم تاقیکردنەوەی سیاسیی ئەو دادەنرێت؛ بەتایبەتی لە پرسی دەستنیشانکردنی وەزیری داراییدا، چونکە ئەم پۆستە لە رابردوودا تاقیکردنەوەیەکی سەخت بووە و ململانێکانی دەوروبەری بوونەتە هۆی لاوازکردنی چەندین حکوومەتی پێشوو.

هاوکات نووسینگەی بێرنهام جەختی کردەوە، یەکەم گوتاری فەرمیی خۆی بۆ کێشانی نەخشەڕێگەی "سیاسەتێکی سەقامگیرتر و بەرپرسیارانەتر" تەرخان دەکات. هەروەها هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پارتی کرێکاران لە رۆژی هەینی رابردوودا، بە گرنگترین ساتەوەختی گۆڕانکاری لە سیاسەتی بەریتانیادا لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا وەسف کرا، کە تێیدا بێرنهام بەڵێنی چاکسازی لە سیستمی سیاسی و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی هاووڵاتیانی داوە.

لەلایەکی دیکەوە، لوسی پاوڵ، جێگری سەرۆکی پارتی کرێکاران رایگەیاند، بێرنهام پێداگرە لەسەر رێکخستنەوەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەت و تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی تێچووی ژیان و راستکردنەوەی رێڕەوی ئابووریی وڵات.