کۆبوونەوەی (جی7) کێشەی بۆ یانەیەکی پرێمەرلیگ دروست کرد

دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەی  جی7 لە فەڕەنسا
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەی جی7 لە فەڕەنسا

کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی جی7 لە فەڕەنسا، بووە هۆی دواخستن و هەڵوەشاندنەوەی ئامادەکارییەکانی یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی لە فەڕەنسا.
رۆژنامەی ئاتڵێتیکی بەریتانیا بڵاویکردەوە یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی بڕیار بوو رۆژی 23ـی ئەم مانگە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو، لە شاری ئێڤیان لاس باینسی فەڕەنسا کە دەکەوێتە سەر سنوری سویسڕا، کەمپێکی مەشق راهێنان وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی بکاتەوە، بەڵام کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی جی7 لەو شارە، بووە هۆی ئەوەی کە ئامادەکارییەکانی ئەو یانەیە دوابکەوێت.
ئەو یاریگایەی کە بڕیاروابوو یانە ئینگلیزیەکە ئامادەکارییەکانی تێدا بکات، لەو ماوەیەی کە کۆبونەوەی سەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی جی7 بەڕێوەچوو بووە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەری سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە و نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکانیش بووەتە هۆی تێکچوونی چیمەنی ئەو یاریگایە.
رۆژنامەی ئاتڵێتیک بڵاویشی کردەوە بەهۆی تێکچوونی چیمەنی ئەو یاریگایەی کە بڕیاربوو یانەی ئێڤەرتوون ئامادەکاری تێدا بکات، ئەو یانەیە بڕیاریداوە کە ئامادەکارییەکانی بۆ وڵاتی نەمسا بگوازێتەوە.
کۆبوونەوەی جی7 هاوشێوەی رێکخراوێکە ساڵانە لە نێوان ئەم حەوت وڵاتە بەڕێوەدەچێت کە پێکهاتوون لە (کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا). لەو کۆبوونەوەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئابوورییەکان دەکەن.