دەروازەی سنووریی عەبدەلی لەنێوان کوەیت و عێراق کرایەوە
سەرچاوەیەکی بەرپرس رایگەیاند، کوەیت بە فەرمی دەروازەی سنووریی "عەبدەلی" لەگەڵ عێراق کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی گوت، "کوەیت دەروازەی سنووریی عەبدەلی لەگەڵ عێراق بە رووی هاتوچۆدا کردووەتەوە."
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە، شێخ فەهد یوسف سعود سەباح، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆی کوەیت رایگەیاندبوو، لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەروازەی عەبدەلی بە رووی گەشتیاران و جووڵەی بازرگانیدا دەکرێتەوە.
پێشتر بڕیاری داخستنی دەروازەکە دوای ئەوە درابوو کە بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) زیانی ماددی بەر ژێرخانی دەروازەکە کەوتبوو.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاییەکان، لە ئێستا دەروازەکە بە تەواوی کراوەتەوە و جووڵەی ئاسایی گەشتیاران و بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەستی پێکردووەتەوە.
دەروازەی عەبدەلی دەروازەیەکی سنووریی وشکانیی کوێتییە لە ناوچەی عەبدەلی لە پارێزگای جەهراء لە باکووری کوەیت، لە ساڵی 1958 کراوەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرک سەرپەرشتی دەکات. هاوسنوورە لەگەڵ سنوورەکانی عێراق.