باسی رۆژ...ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و عەلی باپیر
سەرۆک مەسعود بارزانی و مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
دووشەممە 3ـی ئابی 2026، عەبدولستار مەجید، ئەندامی باڵای ئەنجوومەنی کۆمەڵی دادگەری، رایگەیاند، کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و باش بوو.
گوتیشی، هەردوولا بە راشکاوی باسیان لە قەیرانەکان کرد، بە تایبەت قەیرانی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، هاوکات تیشک خراوەتە سەر ئەو دۆخە چەقبەستووە سیاسیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها پێشنیازمان کردووە لەم کاتەدا کە حکوومەت پێک نەهاتووە و پەرلەمان کارا نییە، کۆبوونەیەک لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سازبدرێت بۆ ئەوەی لەم دۆخەدا چی بۆ قەوارەی هەرێم و خەڵکی کوردستان باشە ئەو هەنگاوە بنرێت.
لە بارەی وەڵامی پارتی بۆ داواکارییەکی کۆمەڵی دادگەری عەبدولستار مەجید گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەربڕیوە و بە راشکاوانە بە شاندی کۆمەڵ گوتراوە "ئامادەین بۆ کۆبوونەوە"، بەڵام داوکارین ئەگەر کۆبوونەوە دەکرێت زەمینەسازی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار و ئەرێنی بێت و بتوانێت هەرێمی کوردستان لەو کێشە و گرفتانەی هەیەتی دەرباز بکات.
عەبدولستار مەجید ئاشکاریکرد، دوای ئەوەی شاندی کۆمەڵی دادگەری سەردانی پارتی کرد، لە نزیکترین کاتدا سەردانی یەکێتی دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، سەڕای ئەوەی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان بەشدار نابێت، بەڵام کاتێک پرسێکی نیشتمانی گشتی هەبێت، هەموو لایەنەکان بەرپرسیار دەبن لە چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان و تەنیا لایەنێک نابێت بە خراپی دۆخی هەرێم و ناوچەکە تۆمەتبار بکرێت، بۆیە بە پێوستی دەزانین لە پرۆسەی چاکسازی و ئاشتی هەرێمی کوردستان بەشدار بین.