مەحموود محەمەد: هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستویی سیاسی کوردستان بەردەوامە

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە و ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە دوای هەڵبژاردنەوە هەوڵەکانمان بۆ ئەم مەبەستە چڕکردووەتەوە و ئێستاش هەر بەردەوامین، چونکە بە پێویستی دەزانین ئەم ئاستەنگانەی لەبەردەم کاراکردنەوی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت هەیە نەیانهێڵین.

گوتیشی: هەوڵەکانمان بۆ ئەوەشە، ئەو متمانەی هاووڵاتییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیان داوە، لە پێناو کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت، جێبەجێ بکەین، هەربۆیە هەوڵەکانمان بەردەوام بووە و لەمەودواش هەر بەردەوام دەبن.

لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، مەحموود محەمەد گوتی: گرنگە کۆبوونەوە کە دەکرێت دەرنجامێکی هەبێت، نەک کۆبوونەوە لە پێناوی کۆبوونەوە بێت، هەربۆیە کۆبوونە کە دەکرێت دەبێت بە ئاراستەی ئەوە بێت کە پەیامێک بە خەڵکی کوردستان بگەیەنین و بە کرداریش جێبەجێ بکەین، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی هەر بۆ شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی بوو، دوای ئەمەش ئێمە سەردانی هەموو ئەو لایەنانەمان کرد کە ئامادەبوون کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکرێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 

گوتیشی: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕوامان وایە پێویستە لە دوای کۆبوونەوەیەک کە دەکرێت، کارێک بكرێت، بۆیە ئێستا چاوەڕێی ئەوەین رێکخستنێک بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی بە ئەنجام بکرێت، هەوڵەکانیش لەلایەن ئێمە و هەندێک لەلایەن و کەسایەتییەکانەوە بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە بۆ ئەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم دۆخە لابەرین.

لە بارەی هەڵوێستی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە قسەکانی پارێزگاری کەرکووک، مەحموود محەممەد گوتی: پارتی بڕوای وایە کەرکووک شارێکە دەبێت کەرکووکییەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی شارکە بدەن، بەڵام شارێکە بە ناسنامەیەکی کوردستانی و پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتەکانە، چ لە لایەنی نەتەوەیی چ لە لایەنی ئایینەوە بێت.

هەروا ئاماژەیدا، هەر وەک لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی رێکخستی پارتی لە کەرکووک – گەرمیاندا هاتووە، قسەکانی پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ باردۆخی ئێستای شارەکە و هەڵوێست و بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانیش ناگونجێت؛ گوتیشی: پێویستە هەموو سیاسیەک لە کەرکووک بە زمانێک قسە بکات، کە ئاژاوە نەنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم سەقامگیرییە هەوڵی بۆ دەدرێت، تێک نەدرێت.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەیدا، کەرکووک زۆرجار فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیریی بووە لە کۆی ناسەقامگیریی عێراقدا، هەربۆیە چەندینجار کێشەی زۆر گەورە لەسەر روویداوە، هەربۆیە دەبێت زۆر بە هەستارییەوە مامەڵەکە لە دۆخی کەرکووکدا بکرێت.

گوتیشی: هەر قسەیەک لە بارەی چارەنووسی کەرکووک دەبێت پێوەختە بە وردی و چەندینجار دیراسە بکرێت و هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لەبەرچاو بگیرێت، بەر لەوەی بگوترێت، بە تایبەت بۆ کەسێک کە بەرپرسیارێتییەکی گرنگی لە کەرکووکدا هەبێت.