بەرەی تورکمانی عێراقی پیرۆزبایی لە پارتی دەکات

محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، بەبۆنەی 16ی ئاب و ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی ئەو حزبە و بە تایبەت سەرۆک مەسعود بارزانی و کادیر و لایەنگرانی پارتی کرد.

شەممە 15ـی ئابی 2026، لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم یادە وێستگەیەکی گرنگە لە مێژووی خەباتی سیاسیی عێراقدا و دەرفەتێکە بۆ دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە نیشتمانییەکان، هەروەها جەختی لە چەسپاندنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی، رێزگرتن لە دەستوور و سەروەریی دەوڵەت کردەوە، بە جۆرێک کە مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و لە پێشینەیانەوە پێکهاتەی تورکمان پارێزراو بێت.

محەمەد سەمعان ئاغا راشیگەیاند، قۆناغی ئێستای وڵات پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان هەیە، لە رێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییە کوردی، تورکمانی و عەرەبییەکان، تاوەکو یەکپارچەیی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت.

سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، سەرۆکی بەرەی تورکمانی جەختی لە گرنگیی پاراستنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی نێوان کورد، تورکمان، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت کەرکووک وەک نموونەی هاوبەشیی راستەقینە و دادپەروەری بمێنێتەوە، بە جۆرێک کە مافی هەموو هاووڵاتییانی پارێزراو بێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، محەمەد سەمعان ئاغا هیوای سەرکەوتنی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و ئارامی و گەشەسەندنی بەردەوامی بۆ عێراق و گەلەکەی خواست.