فوئاد حوسێن پیرۆزبایی لە پارتی و سەرۆک بارزانی دەکات

وەزیری دەرەوەی عێراق، بە بۆنەی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بە بەشدارییە گرنگەکانی پارتی لە ژیانی سیاسی و نیشتمانیی عێراقدا کرد و رۆڵی حزبەکەی لە چەسپاندنی دیموکراسیدا بەرز نرخاند.

یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، بە بۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی.

فوئاد حوسێن لە پەیامەکەیدا، تیشکی خستە سەر پێگەی سیاسیی حزبەکە لەسەر ئاستی فیدراڵی و رایگەیاند: "لەم بۆنەیەدا، بەشدارییە گرنگەکانی پارتی لە ژیانی سیاسی و نیشتمانیی عێراقدا بەرز دەنرخێنین، هاوکات لەگەڵ ئەو رۆڵەی کە هەیبووە لە چەسپاندنی فرەیی سیاسی و بەهێزکردنی رەوتی دیموکراسیدا."

وەزیری دەرەوەی عێراق هیوای خواست ئەم بۆنەیە ببێتە پاڵنەرێک بۆ یەکڕیزی و گوتی: "داواکارین لە خودای گەورە عێراق و گەلەکەی بپارێزێت و، هەمووان سەرکەوتوو بکات بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارکردنی هاوبەش لە پێناو چەسپاندنی یەکڕیزیی نیشتمانی، بەهێزکردنی سەقامگیری، و بونیادنانی عێراقێکی ئارام و گەشەسەندوو.