فەرهاد ئەترووشی: رەشنووسی بودجەی 2027 بەمزووانە دەگاتە پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەستی بە ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 کردووە و دوای پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پەسندکردنی ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت.

هەینی 21ـی ئابی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئێستا حکوومەتی فیدراڵیی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی قۆناخە سەرەتاییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـە تا لە وادەی دیاریکراودا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بە چڕی سەرقاڵی داڕشتن و کۆکردنەوەی داتا و ژمارەکانی رەشنووسی پرۆژەیاساکەیە، بە جۆرێک کە سەرجەم پێداویستییە داراییەکان و دابەشکردنی سەرچاوەکان لەخۆبگرێت.

ئەترووشی باسی لە قۆناخەکانی گەیشتنی بودجە بە پەرلەمان کرد و روونی کردەوە: دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی کارەکانی ئامادەکردنی رەشنووسەکە تەواو دەکات، دەینێرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران؛ لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت. دوابەدوای پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە فەرمی پرۆژەیاساکە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی لە لایەن پەرلەمانتارانەوە تاوتوێ بکرێت، خوێندنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت و دەنگی کۆتایی لەسەر بدرێت.

دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە، پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2027 و ناردنی بۆ بەغدا بە کۆتاییهات و پرۆژەکە بە کاخەز و ئۆنلاین رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە.