وەزارەتی پەروەردە: پێش دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، هەموو کتێبەکان دەگەنە دەستی قوتابیان
گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و سنووردارکردنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز، کاریگەری کردووەتە سەر پڕۆسەی گواستنەوەی کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەت دڵنیایی دەدات پێش دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن هەموو کتێبەکان دەگەنە دەستی قوتابیان.
داخستنی گەرووی هورمز یان سنووردارکردنی هاتووچۆی ئاویی، تەنیا کێشەی بۆ هەناردەی نەوت و خۆراک دروست نەکردووە، بەڵکو گەڕاندنەوەی کتێبەکانی وەرزی نوێی خوێندنیشی لە ئیماراتەوە بۆ هەرێمی کوردستان دووچاری ئاستەنگ کردووە. حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، رایگەیاند: "ئەمساڵ کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردە لە چاپخانەی مەسار لە وڵاتی ئیمارات چاپ کراون، بەڵام بەهۆی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز، رێکارەکانی گواستنەوەیان بەراورد بە ساڵانی رابردوو قورستر بووە."
سەبارەت بە رێژەی گەیشتنی کتێبەکان، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکان ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 70%ـی کتێبەکان گەیشتوونەتەوە هەرێمی کوردستان و تەنیا 30%ـیان ماون. ناوبراو دڵنیایی دا کە تاوەکو پێنجی ئەیلوول (5ی 9) و پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، سەرجەم کتێبەکان دەگەن و بەسەر ناوەندەکانی خوێندن دابەش دەکرێن، بەو شێوەیەش هیچ کێشەیەکی کەمیی کتێب لە قوتابخانەکاندا دروست نابێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەسەن سەرتیپ ئاماژەی بە پڕۆسەی ریفۆرم لە پڕۆگرامەکانی خوێندن کرد کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا 80%ی کارەکانی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکان تەواو بووە و بڕیارە تا ساڵی خوێندنی 2028-2029 تەواوی پڕۆسەکە کۆتایی بێت.
بۆ ئەمساڵ، وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی 110 کتێبدا کردووە. هەروەها وەک هەنگاوێکی نوێ، سەرجەم کتێبەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی و دەخرێنە بەردەستی قوتابیان لە رێگەی پلاتفۆرمی "وتابخانەی ئەلیکترۆنی لەلایەن وەزارەتەوە ئامادە کراوە.