وەزارەتی نەوتی عێراق: کەشتییەکی کۆگاکردنی سووتەمەنی لە ئاوە هەرێمییەکاندا بەئامانج گیرا
وەزارەتی نەوتی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکی سووتەمەنی لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەشتییەکە زیانی ماددیی کەم بەر کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و رای گشتی ئاشکرای کرد: کەشتییەکی جۆری "عەمبار" کە تایبەت بووە بە کۆگاکردنی بەرهەمی رۆنی سووتەمەنی (Fuel Oil) و لەلایەن کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراقی بەکرێ گیرابوو، لە کاتێکدا لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا بووە، لەلایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە پێکراوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە هێرشەکە بووەتە هۆی دروستبوونی زیانێکی ماددیی کەم لە دیواری دەرەوەی کەشتییەکەدا، بەڵام جەختی کردەوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوونی لەنێو تیمی کەشتییەکەدا لێنەکەوتووەتەوە.
هەروەها وەزارەتی نەوت دڵنیایی داوە کە بەهۆی ڕووداوەکەوە هیچ دزەکردنێکی سووتەمەنی بۆ ناو ئاو
رووی نەداوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوامن لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوەکە بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی لێدانەکە و هۆکارەکانی.