ناتانیاهۆ: تێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاسانترین بڕیارم بوو

 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرگریی لە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و شەڕی غەزە کرد، هاوکات هێرشی توندی کردە سەر چەندان وڵات و سەرکردەی جیهان لەوانە قەتەر، تورکیا، سەرۆکی سووریا و سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە سەرەتای وتارەکەیدا و لە کاردانەوە بەرامبەر بە چۆڵکردنی هۆڵەکە لەلایەن ژمارەیەک لە شاندە دیپلۆماسییەکانەوە، گوتی: ئەگەر ترسنۆکی دیکە لە هۆڵەکەدا ماون نەچوونەتە دەرەوە، داوایان لێدەکەم ئێستا بڕۆنە دەرەوە، ئیسرائیل لە کاتێکدا بەرگری لە خۆی دەکات، بەرگری لە زۆربەی ئەو وڵاتانەش دەکات نوێنەرەکانیان پێش کەمێک هۆڵەکەیان بەجێهێشت. سەبارەت بە هێرشکردنە سەر تاران، ئاماژەی بەوە کرد وێرانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کارێکی زۆر قورس بوو، بەڵام یەکێک بوو لە ئاسانترین بڕیارەکان داویەتی، گوتیشی: ئەگەر ئەو دامەزراوانەمان تێکنەشکاندایە، ئێستا هەموومان مردبووین، هاوکات دۆناڵد ترەمپی بە گەورەترین هاوبەشی ئیسرائیل ناوبرد بەهۆی هەڵوێستی لە دژی مەترسییەکانی ئێران.

سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان، ناتانیاهۆ رووی دەمی کردە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و گوتی: بە بەڕێز شەرع دەڵێم جوولەکەکان لە سەردەمی حەزرەتی موساوە لە جۆلاندا نیشتەجێن. لە وەڵامی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەشی ئیسرائیل بە داگیرکاری تۆمەتبار دەکەن، گوتی: جێگەی سەرسوڕمانە هەندێک لەوانەی لە بەریتانیا و فەرەنساوە تۆمەتمان دەدەنە پاڵ، پێیان دەڵێم درۆکردن بەسە چونکە ئێوە جیهانتان داگیر کردبوو.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمەتەکانی جینۆسایدی لە کەرتی غەززە بە گەورەترین درۆی ئەم سەدەیە وەسف کرد و رەخنەی توندی لە زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک گرت و گوتی: بە مەمدانی دەڵێم لە کاتی هەڵبژاردنتەوە وەک سەرۆکی شارەوانی، جوولەکەکان هەست بە ئارامی ناکەن لەم شارەدا، تۆ هەوڵت دا رێگری لە هاتنی من بۆ ئێرە بکەیت بەڵام ناتوانیت دەنگم بێدەنگ بکەیت، شەرمەزاری بۆ تۆ و هەموو ئەوانەی تۆمەتی کۆمەڵکوژیمان دەدەنە پاڵ.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ناتانیاهۆ دەوحەی بە خەرجکردنی ملیاران دۆلار بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە تۆمەتبار کرد و گوتی: قەتەر لە رێگەی پارەدارکردنی زانکۆ ئەمریکییەکان و کەناڵی وەک جەزیرەوە، مێشکی گەنجانی ئەمریکا و جیهانی شوشتووەتەوە. لە کۆتاییشدا هێرشی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بە ستەمکار ناوی برد و گوتی: ئەردۆغان سەرکردەکانی حەماس لە وڵاتەکەی دەحەوێنێتەوە، هەزاران کوردی کوشتووە، نکوڵی لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکات و رۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆن زیندانی دەکات.