لە سلێمانی شانۆگەریی "تارماییەکان" نمایش دەکرێت
شانۆگەریی "تارماییەکان"، لە نووسینی هێنریک ئیبسن و دەرهێنانی سدیق عەزیزە، بە پاڵپشتی چەتری کولتووری سلێمانی و کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2026، لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش دەکرێت.
دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، سدیق عەزیز، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "شانۆگەریی "تارماییەکان"، لە ساڵی 1881 نووسراوە و یەکێکە لەو بەرهەمانەی هێنریک ئیبسن بەهۆی بابەتە کۆمەڵایەتییە هەستیارەکانی، لە سەردەمی خۆیدا مشتومڕێکی زۆری لەبارەوە دروست بووە. ئەم شانۆگەرییە بە رەخنەی توند لە هەندێک لایەنی کۆمەڵگەی نۆرویژ و نەریتە باوەکان، بابەتگەلێک دەخاتە روو کە لەو سەردەمەدا زۆر بە هەستیار دادەنران."
سدیق عەزیز سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "ئیبسن لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە، کۆمەڵگەیەک دەخاتەروو کە نهێنییەکانی رابردوو، فەسادی ئەخلاقی، منداڵی ناشەرعی و کێشەکانی ناو خێزان، کاریگەرییان لەسەر ژیانی تاکەکان هەیە. هەروەها، پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد و کاریگەریی ژینگەی خێزان لەسەر پەروەردەی منداڵ، لە بابەتە گرنگەکانی ئەم شانۆییەن."
سەبارەت بە گرنگیی ناونیشانی نمایشەکە، سدیق عەزیز دەڵێت، "ناونیشانی "تارماییەکان"، ئاماژەیە بۆ ئەو بیرۆکە و نەریتە کۆنانەی، سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، هێشتا کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە. درۆ، نهێنییە شاراوەکان، تاوان و هەڵەکانی نەوەکانی پێشوو، وەک تارمایی بەدوای نەوەکانی دواتردا دێن و رێگە لە ئازادیی بڕیاردان و ژیانی سەربەخۆیان دەگرن."
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "شانۆییەکە چەندین پرسیاری بنەڕەتی دەخاتە بەردەم بینەر؛ لەوانەیە تاکێکی ئازاد لە کۆمەڵگەیەکی پابەند بە نەریتە کۆنەکاندا پەروەردە دەکرێت؟، راستییەکان دەبێت ئاشکرا بکرێن، یان مرۆڤ ناچارە بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەدا، پەیوەندییەکی رووکەشی و درۆزنانە بپارێزێت؟."
سدیق عەزیز ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها، شوێنی پەروەردەکردنی منداڵ، بەرپرسیارێتیی خێزان و کاریگەریی بیرکردنەوە و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تاک، لەو پرسیارانەن لە رێگەی رووداو و کارەکتەرەکانی نمایشەکەوە دەخرێنە بەردەم بینەر."
شانۆگەری "تارماییەکان"، لە نووسینی هێنریک ئیبسن و دەرهێنانی سدیق عزیز، هاودەم ساڵح وەرگێڕانی بۆ کردووە، لەو نمایشەدا، شەماڵی عەبەرەش رۆڵی قەشە دەبینێت و نەرمین کاوانی رۆڵی خانم ئالڤینگ دەگێڕێت. هەروەها، ئاسۆ رۆڵی رێگینا دەبینێت. رەهین رێبوار و شاکار بە توانای هونەریی خۆیانەوە بەشداری لە نمایشەکەدا دەکەن.