مۆسکۆ: ئەوروپا مافی بەشداریکردنی لە دانوستانەکان نییە

 گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، بەشداریکردنی نوێنەرانی ئەوروپا لە دانوستانەکانی ئاشتیی ئۆکرانیا لە ئەبو زەبی کارێکی مەحاڵە.

سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "ڤیستی" لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی وڵاتانی ئەوروپا لە دانوستانەکانی ئەبو زەبی گوتی: "نا، ئەو شتە مەحاڵە، چونکە ئێمە باس لە فۆرماتێکی سێقۆڵیی دەکەین، ئەویش رووسیا و ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەمریکا وەک نێوەندگیر دەگرێتەوە، بۆیە مەحاڵە ئەوروپییەکان لەو دانیشتنانەدا بەشداری بکەن."

پێسکۆڤ روونیکردەوە، ئەوروپییەکان ناتوانن دیاری بکەن کێ مافی ئەوەی هەیە گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکات.

سەبارەت بە کارنامەی دانوستانەکان، پێسکۆڤ گوتی: "پرسە ئەمنییەکان تاوتوێ دەکرێن، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە گەرەنتییە ئەمنییەکانەوە، ئەوەش تەنیا بە رەزامەندیی هەردوو لا دەبێت."

هاوکات لە بارەی ئاشکراکردنی هەندێک وردەکاریی لەسەر کۆبوونەوەکە پێسکۆڤ راگەیاند، پێویستە پرسە دیاریکراوەکان لە کۆبوونەوەی داخراودا تاوتوێ بکرێن.

بڕیارە دانوستانەکانی تایبەت بە ئۆکرانیا لە 10 و 11ـی تشرینی دووەم لە ئەبو زەبی بەڕێوەبچن. لە لایەنی رووسیاوە، ڤلادیمیر میدینسکی، یاریدەدەری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەرپەرشتیی دانوستانەکان دەکات.

سێشەممەی رابردوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن هیوادارە لە رێگەی دانوستانەکانی داهاتووی ئەبو زەبی و بروکسل، هەنگاوی نوێ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا بنرێن. ویتکۆف لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیوویەتی: "ئەمریکا نێوەندگیریی دانوستانەکانی ئاستی تیمی کار لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لە 10 و 11ـی تشرینی دووەم لە ئەبو زەبی دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ."

ویتکۆف روونیکردەوە، دانوستانەکان گرنگی بە رێکخستنە ئەمنییەکانی قۆناخی پاش شەڕ، کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەوڵە مرۆییەکان و هەنگاوەکانی داهاتوو بەرەو بەدیهێنانی ئاشتی.