ئەمریکا خەڵاتێکی 20 ملیۆن دۆلاری راگەیاند

خەڵاتەکەی ئەمریکا بۆ ئەوانەیە زانیاریی نهێنی لەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەدەن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سێنتکۆم رایگەیاند، بەرنامەی پاداشت لە پێناو دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوە، پاداشتێکی دارایی تا 20 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەستەبەرکردنی گواستنەوە بۆ شوێنێکی ئارام پێشکەش دەکات. ئەمەش لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هەر زانیارییەکی هەواڵگری سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران.

زانیارییە داواکراوەکان بنکە و کەرەستەکانی پەیوەست بە پڕۆگرامەکە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تێیدا کار دەکەن، لەوانە زانایان و کادیرە پسپۆڕەکان. هاوکات هەر زانیارییەک لەبارەی جووڵە و گواستنەوەی ئەو پێگە و کەلوپەل و کەسانەش لەخۆدەگرێت. ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانیدایە بۆ هاندانی ئەو کەسانەی زانیارییان لایە، تا لە بەرامبەر پارە و گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی پارێزراو، نهێنییەکانی ئەو بەرنامەیە ئاشکرا بکەن.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ئاشکرایکرد، ئێران سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیارێکی قەتەرە بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دەستپێکردنی دانوستانەکانی بەستووەتەوە بە چەند مەرجێکەوە، لەوانە هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی، ئازادکردنی پارە بەستراوەکانی، لادانی سزاکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ. بەرپرسێکی ئێرانیش بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستیکردەوە، پێشنیارێکی تایبەت بە پرسی ناوکییان لە رێگەی دەوحەوە بۆ واشنتن ناردووە، بەڵام گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکەی تەنیا دوای جێبەجێکردنی مەرجەکانی تاران دەبێت.

تاران بە توندی رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراو ببێت یان رەوانەی دەرەوەی بکات. ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بەم داوایە رازی نابێت و جەختیکردەوە لەسەر ئاشتییانەبوونی بەرنامەکەیان. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی وەک پرسێکی کراوە بۆ تاوتوێکردن ماوەتەوە، بەبێ ئەوەی بڕیاری فەرمیی لەسەر درابێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێداگرییکردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختیکردووەتەوە لە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران. ئەمەش لە کاتێکدایە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێشتر جەختیکردبووەوە لە پێویستیی سنووردارکردن و شکاندنی توانای ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا.