سەباح نوعمان: هێزەکانی تورکیا لە کەمپی زێڵکان دەکشێنەوە

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی تورکیا لە کەمپی زێڵکان لە بەعشیقە، لە ماوەی ئەم مانگەدا دەستپێدەکات و تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاند: "قۆناخەکانی رادەستکردنی قۆناغ بە قۆناغی کەمپی زێڵکان لە بەعشیقە لە ماوەی ئەم مانگەدا دەستپێدەکات و تا کۆتایی ئەمساڵ بوونی هێزەکانی تورکیا لەو کەمپە کۆتاییپێدێت". هاوکات روونیکردەوە، کەمپەکە لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا دەبێت.

سەباح نوعمان ئاشکرایکرد، لیژنەی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا دەستیان بە کارەکانیانکردووە بۆ رادەستکردنی کەمپی زێڵکان و بەهێزکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان لە شنگالدا. هەروەها گوتیشی: "لیژنەکە نوێنەری هەردوو لایەنی عێراقی و تورکی لەخۆ دەگرێت و لە ماوەی داهاتوودا ئاستی کارەکانیان چڕتر دەکەنەوە، تا لەو وادانەی دیاریکراون دۆسیەکە کۆتاییپێبهێنرێت و کەمپەکە رادەستی هێزەکانی عێراق بکرێت".

گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، چالاککردنی ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشە دەرەنجامی ئەو تێگەیشتنانەیە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی تورکیا لە کۆبوونەوەکەی 23ـی ئەیلولی رابردوویان لە نیویۆرک گەیشتنە سەری. ئەو تێگەیشتنانە چوار بنەمای سەرەکی لەخۆ دەگرن، قووڵکردنەوەی هاوکاری و هەماهەنگیی ئەمنی و ستراتیژی، بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لە شنگال، کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی تورکیا لە کەمپی زێڵکان، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان.

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لیژنە باڵای هاوبەش لە تورکیا کۆبووەوە و گەیشتە تێگەیشتنی گرنگ لەگەڵ لایەنی تورکی، بەتایبەتی دوای ئەو دەستکەوتەی مانگی رابردوو لە شنگال بەدیهاتوو، کە خۆی لە رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە سوپای عێراق، کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداران، کۆنترۆڵکردنی چەک و تێکەڵکردنی ئەندامانی یەبەشە و گرووپە چەکدارەکان لەنێو هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا دەبینێتەوە".

سەباح نوعمان روونیکردەوە، ئەو پێشکەوتنەی لە شنگال بەدیهاتوو، لایەنی تورکی هاندا کە بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ رادەستکردنی کەمپی زێڵکان. نوعمان جەختیکردەوە، لایەنی تورکی رژدیی دەوڵەتی عێراق و توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بینیوە.

لە کۆتاییدا سەباح نوعمان گوتی: "دۆسیەی بوونی تورکیا لەو کەمپە یەکێک بوو لە دۆسیە ئاڵۆزەکان کە لە خولێکی حکوومەتەوە بۆ خولێکی دیکە دەگوازراوەتەوە، بەڵام حکوومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا کۆتایی بەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانە بهێنێت و بۆ خولی داهاتوو نەگوازرێنەوە، لەوانەش دۆسیەی شنگال کە بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە و هێزە ئەمنییەکان سەرکەوتوو بوون لە یەکلاییکردنەوەیدا".