مەسرور بارزانی: پێویستە ناکۆکییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکەین
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش سەردانەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا گفتوگۆی کردوە.
سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خۆشحاڵ بووم دوای سەردانەکەم بۆ بەغدا، لەگەڵ بەڕێز باڵیۆز تۆم بەڕاک لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەمان کرد.
سەرۆکوەزیرانی جەختی لەوەکردەوە، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگیی بەهێزی و یەکگرتوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
هاوکات هەردوولا پێشوازیمان لە بەرەوپێشچوونی گفتۆگۆکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی و حکومەتەکەی لە بابەتی یاسای بودجەی فیدراڵی کرد و بەهیواین لە زووترین کاتدا، ڕێککەوتنی نەوت و گاز بگاتە ئەنجام.
مەسرور برزانی دووپاتی کردەوە، لە پەیوەندییەکەدا، جەختمان لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.
دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان و چەندان بابەتی گرنگی دیکەی چارەنووسساز کۆبوونەوە.
لەو بارەیەوە، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پڕ لە دەستکەوت بوو و توانی بە یەک سەردان چەندین کێشەی کەڵەکەبوو یەکلایی بکاتەوە. لە کاتێکدا رەشنووسی بودجە نائارامی دروست کردبوو و مووچەی مسۆگەر نەکردبوو، بەڵام سەرۆکوەزیران چەقی هەوڵەکانی بۆ ئەوە تەرخان کرد کە دەبێت پێش هەموو شتێک مووچەی مووچەخۆران لە بەغدا زامن بکرێت و ئەمەش بەدەستهات."