بە پێشنیازێکی قەتەر و پاکستان دانوستانە وەستاوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکاتەوە

واشنتن و تاران لەسەر ئازادکردنی ملیاران دۆلار و کەمکردنەوەی پیتاندن رێکدەکەون

سەرچاوە ئاگادارەکان بە کەناڵەکانییان راگەیاند، پێشنیازێکی هاوبەشی قەتەر و پاکستان بووە هۆی دەستپێکردنەوەی دانوستانە وەستاوەکانی نێوان واشنتن و تاران.

چوارچێوەی پێشنیازەکە وا دەکات دەستبەجێ گەرووی هورمز بکرێتەوە و گەمارۆی دەریاییش لە ناوچەکە هەڵبگیرێت.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان، دەستپێشخەرییەکە چەندین پرسی هەستیار لەخۆدەگرێت؛ لەوانە ئامادەکاری بۆ تاوتوێکردنی پرسی گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران، بەبێ ئەوەی هێشتا سنوور و دەسەڵاتی ئەرکەکانیان روون بکرێتەوە. لە بەرامبەریشدا، لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتندا، ئەمریکا لە نێوان 6 بۆ 9 ملیار دۆلار لە دارایی و سامانی سڕکراوی ئێران ئازاد دەکات.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، پێشنیازەکە دەرگای بۆ رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە کردەوە. لەم چوارچێوەیەدا، واشنتن داوای کەمکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 6%ـی کردووە.

هاوکات هەردوولا تاوتوێی پەنابردنەبەر وڵاتێکی سێیەم دەکەن بۆ ئەوەی ئاسانکاری لە پرۆسەی دابەزاندنی ئاستی ئەو یۆرانیۆمەدا بکات کە ئێران بە رێژەی بەرز پیتاندوویەتی.

هەر لە میانەی ئەم لێکگەیشتنەدا، واشنتن رێگەی داوە تاران لەناو خاکی خۆیدا بە رێژەی 3.67%ـی یۆرانیۆم بپیتێنێت و ئێرانیش لای خۆیەوە بەم مەرجە رازی بووە.


ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئێران کرد، تاران-یش بە هێرشی پێچەوانە وەڵامی دایەوە. سەرەڕای کەمبوونەوەی پێکدادانە بەرفراوانەکان، ناکۆکییەکان هێشتا بەبێ چارەسەرێکی کۆتایی ماونەتەوە.

پێشتریش ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، تاران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 3.67%ـی رێگەپێدراوەوە بۆ 60% بەرزکردەوە و پشکنینەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیشی سنووردار کرد. هاوکات سڕکردنی ملیاران دۆلاری ئێران لە دەرەوە و گرژییە دەریاییەکانی گەرووی هورمز دۆخەکەیان ئاڵۆزتر کرد، ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەش هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سنووری پیتاندنی پێشوو لە بەرامبەر ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی و هێورکردنەوەی کەنداو.