کشتوکاڵی عێراق: ساڵانە پێویستمان بە 9 ملیار هێلکەیە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای کرد، بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێویی تەواوەتی، بازاڕی ناوخۆیی ساڵانە پێویستی بە 9 ملیار هێلکە هەیە، لە کاتێکدا ئێستا کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانە دەگاتە شەش ملیار هێلکە، بەمەش کورتهێنانێکی سێ ملیاری لە نێوان بەرهەمهێنان و خواستدا تۆمار کراوە.

چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، قوسەی حەتتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکە بە پێی مەرج و رێنماییە پەسەندکراوەکان کار لەسەر پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت دەکات و، لەو چوارچێوەیەشدا خاوەنی کۆمەڵێک پلانی گرنگە کە دیارترینیان بریتییە لە نەهێشتنی ئاستەنگەکان لەبەردەم خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەردا.

گوتەبێژی وەزارەتەکە، لە بارەی قەبارەی بەرهەمهێنانی ئێستا و پێداویستیی ناوخۆیی ڕوونی کردەوە، کۆی بەرهەمی ساڵانەی ناوخۆ ئێستا دەگاتە 6 ملیار هێلکە، لە کاتێکدا بازاڕ بۆ پڕکردنەوەی تەواوی خواست و دەستەبەرکردنی خۆبژێوی، ساڵانە پێویستی بە 9 ملیار هێلکەیە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی وەزارەت چڕکراونەتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو جیاوازی و کورتهێنانە سێ ملیارییەی کە لە بەرهەمهێنانی ناوخۆدا هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کشتوکاڵی ئاماژە بەوە دەکەن، کە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا بەشێکی گرنگی ئەم کورتهێنانە پڕ دەکەنەوە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی و توانای هەیە ساڵانە بڕی سێ ملیار هێلکە رەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە بازاڕەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەدا هەیە.